وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێم رایدەگەیەنێت، لە وەرزی نوێی خوێندن بەستنی ماسك ئیلزامییە و وەرگرتنی ڤاكسینیش بۆ خوێندكارانی تەمەن 12 ساڵ بەرەو سەرەوە منداڵەكانیان پارێزراوتر دەكات.
وەزارەتی پەروەردە لە راگەیەنراوێكدا رایگەیاندووە، وەك هەموو لایەك ئاگادارن بەهۆی پشووی وەرزی یەكەمی خوێندن و دۆخی كەشوهەوا ماوەیەك ناوەندەكانی خوێندن بە داخراوەیی مابونەوە، لە ئێستاشدا ئامارەكانی توشبوان بە ڤایرۆسی(كۆرۆنا و ئۆمیكرۆن) لە بەرزیدایە.
وەزارەتی پەروەردە ئاماژەی بەوەكردووە، بۆ سەلامەتیی مامۆستایان و قوتابیان و خوێندكاران، خۆپارێزیی و بەستنی ماسك بەتەواوی ئیلزامییە، هەر ناوەندێكی خوێندن پابەند نەبوونی تێدابێت پێویستە بەڕێوەبەری پەروەردەی قەزا رێكاری كارگێریی پێویست بگریتەبەر.
هەروەها دەڵێت، داوا لە بەخێوكارانی قوتابیان و خوێندكاران دەكەن كە وەرگرتنی ڤاكسین بۆ قوتابیان و خوێندكارانی تەمەن (١٢ ساڵ) بەرەو سەرەوە منداڵەكەیان پارێزراوتر دەكات ، وەزارەتی پەروەردە هانیان دەدات و كار ئاسانییان بۆ دەكات بەمەبەستی وەرگرتنی ڤاكسین بەهەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان.
وەزارەتی پەروەردە روونیكردۆتەوە، بەخێوكاری قوتابیان و خوێندكاران دەتوانن فۆرمی بەڵێننامەی بەخێوكار بۆ وەرزی دووەم پربكەنەوە كە دەستەبەری خوێندنی ئۆنلاین یان ئەلیكترۆنی یان پاڵپشتی ماڵەوەیان بۆ قوتابییەكە دەكەن و ئەم مافە رێگەپێدراو دەبێت بۆ پڕكردنەوەی فۆرمی ئاماژەپێكراو تا بەرواری ١٠ی ٢ی ٢٠٢٢.
لە ئەمڕۆوە وەرزی دووەمی خوێندن دەستی پێكردۆتەوە و بڕیاریشە رۆژی 2ی شوبات، خوێندنی قۆناغەكانی (1,2,3)ی بنەڕەتی دەست پێبكاتەوە.