فەرماندەیەکی یەبەشە: ئامادەی بەرەنگاربوونەوەی هەموو هێرشێکین بۆ سەر شەنگال

فەرماندەیەکی یەبەشە ڕایدەگەیەنێت، خەڵکی شەنگال دەتوانن بەبێ ترس کارەکانی خۆیان بکەن، دەشڵێت" نەک تەنها بەرامبەر داعش، بەڵکو بەرامبەر هەموو هێرشەکان ئامادەکارییمان کردووە و لە ئەگەری هەر هێرشێکدا ئامادەین گەلەکەمان بپارێزین". 

چەکۆ شەنگالی، یەکێک لە فەرماندەکانی یەکینەکانی بەرخۆدانی شەنگال-یەبەشە لە چاوپێکەوتنێکدا بە ئاژانسی ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند"  لە سەرەتاوە ئامانجی دووژمن لەناوبردنی پێشەنگانی ئێزدیی بوو، بەڵام لە بە ئامانجگرتنی سەعید حەسەن و هێرشکردنە سەر نەخۆشخانەی سکێن و هەروەها شەهیدکردنی مەروان، شێوازی هێرشەکانی خۆی لەسەر شەنگال گۆڕی، ئامانجەکەش ئەوەیە ئیرادەی گەلەکەمان بشکێنێت، بەڵام دەبێت هەموو کەسێک بزانێت ئەو بەڵێنەی گەلەکەمان داویەتی بەجێی دەهێنێت". 

ئەوەشی خستەڕوو، لای ئێمە هیچ جیاوازییەک لە نێوان داعش و دەوڵەتی  تورکدا نییە، ئەو هەڤاڵانەمان کە بوونەتە ئامانجی دەوڵەتی تورکیا، سەرپەرشتی بەرەنگاربوونەوەی داعشیان کردووە، دەوڵەتی تورکیا داعشی بەخێوکرد و ناردی بۆ ئێزدییەکان.

ئەو فەرماندەیەی یەبەشە له‌سەر هێرشه‌كانی سه‌ر شنگال له‌لایه‌ن توركیاوه‌ وتی" پارتی دیموكراتی كوردستان رۆڵی لەو هێرشانەدا هەیە، هەندێک کەس هەن لە پاراستدا بازرگانی بە خوێنی گەلەکەی خۆیانەوە دەکەن و لە ڕێگەی ئەوانەوە هێرش دەکەن، بەڵام با ئەو کەسانە بزانن، ئەگەر دەوڵەتی تورکیا سبەینێ کاری بەو کەسانە نەمێنێت، ئەوا ئەوانیش لەناودەبات".


PM:01:00:02/02/2022