بافڵ تاڵەبانی: دەمانەوێت نەبینە هۆكار بۆ تێكدانی ماڵی كورد و شیعە و سوننە


بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان رایدەگەیەنێت، دەیانەوێت نەبنە ھۆكار بۆ تێكدانی ماڵی كورد و ھێزە شیعییەكان و سونەكانیش، بۆ ئەو مەبەستەش لە ھەوڵەكانیان بەردەوام دەبن بۆ پاراستنی ئەو پێكەوەژیانە كە لە پێشینەی كارەكانیانە.

ئەمڕۆ بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆكی یەكێتی لە دەباشان پێشوازیكرد لە ئێریك شوڤالییێ، باڵیۆزی فڕەنسا لە عێراق و ئۆلیڤییە دێكۆتینی، كونسوڵی گشتی فڕەنسا لە ھەرێمی كوردستان، بافڵ تاڵەبانی رایگەیاندووە، یەكێتی هەر لە سەرەتاوە پەرۆشی یەكخستنی ریزەكانی كورد بوو، ھەموو ھەنگاوێكیان بۆ ئەوە بووە بە یەك تیم لەگەڵ بەغدا و ھێزە سیاسییە عێراقییەكان گفتوگۆ بكەن و بە یەك وەرەقەی سیاسی كوردستانی و نیشتمانی بچینە گفتوگۆكانەوە و ھەر ئەوەشیان كرد، بەڵام بە داخەوە دواتر ئەم نییەتە تێكدرا و لە دەرەوەی ئیرادە و بەرژەوەندییەكانی گەلی كورد ئەو یەكڕیزییە لەبار برا.

بافڵ تاڵەبانی وتویەتی "دەرفەت ماوە تاوەكو لەسەر بنەمای تەوافق و شەراكەتی ھاوبەش و نیشتمانی حكومەتێكی خزمەتگوزار و كارا پێكبھێنرێت، كە ببێتە مایەی خۆشگوزەرانی، ئاوەدانی و سەقامگیری سیاسی نەك لێكترازان و دۆخی وڵات بەرەوە ئایندەیەكی نادیار و ئاڵۆزتر ببات".

هاوسەرۆكی یەكێـی وتویەتی "یەكێتی پەرۆشی پاراستنی ئەو كلتوری پێكەوەژیان و تەوافقییەیە كە سەرۆك مام جەلال بەردی بناغەكەی داناوە و دەمانەوێت نەبینە ھۆكار بۆ تێكدانی ماڵی كورد و ھێزە شیعییەكان و سونەكانیش، بۆ ئەو مەبەستەش لە ھەوڵەكانمان بەردەوام دەبین بۆ پاراستنی ئەو پێكەوەژیانە كە لە پێشینەی كارەكانمانە".



PM:08:10:02/02/2022