"کۆچبەرێکی زۆر لە سنورەکانی بێلاڕوسیا گیریان خواردووە"

سەرۆکی دەزگای لوتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران دەڵێت بەپـێی دوایـین ئامار هەتا ئێستا نزیکەی ٧٠٠ کۆچبەر لەسەر سنووری بێلاڕووس و پۆڵەندا لە جەنگەڵەکاندان.

ئاری جەلال سەرۆکی دەزگای لوتکە بۆ کاری پەنابەران لە لێدوانێکیدا  بۆ دەنگی ئەمریکا ڕایگەیاند  " لە ئێستادا ڕێژەیەکی بەرچاو لە کۆچبەران لە سنوورەکانی بێلاڕووس گیریان خواردووە، هەتا ئێستا بە پێی دواین ئامار نزیکەی ٧٠٠ کەسمان هەیە کە لەو جەنگەڵانە و سنورەکان گیرییان خواردووە، ئامانجی ئەوانەی ماونەتەوە ئەوەیە هەرچۆنێک بێت خۆیان بگەیەننە وڵاتانی ئەوروپا کە ئەمە زۆر زەحمەتە، هەرچۆنێک بێت لە لایەن پۆڵەندا و لیتوانیا و ئەو وڵاتانەی هاوسنوورن لەگەڵ بێلاڕووس ڕێگەیان پێ نادرێت سنور ببەزێنن بۆ وڵاتانی ئەوروپا."

ئاری جەلال وتیشی" لە ماوەی ٨ مانگی ڕابردوو نزیکەی ٩ هەزار هاوڵاتی عێراقی و هەرێم ڕووییان لە بێلاڕووس کردووە، ڕێژەیەکی دەرچووە بۆ وڵاتانی ئەوروپا ڕێژەیەکی کەمە، ئەوەشی کە ماوەتەوە زۆربەیان خوازیارن بگەڕێنەوە بەڵام ئەو بڕە مادەیەی کە خەرجیان کردووە پێویست دەکات لە لایەنە پەیوەندیدارەکان و وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران و دەزگای کۆچی نێودەوڵەتی قەرەبوو بکرێنەوە هەتا بتوانن تێکەڵی کۆمەڵگا ببنەوە."

ناوبراو باسی لەوەشکرد،  ٧٠٠ کۆچبەر لە ناو ئەو کەمپەدا ماونەتەوە ڕۆژانە وێنە و ڤیدیۆیان دێنە بەردەستمان لە ڕەوش و گوزەرانێکی سەختدان لە کەمی خواردن و خزمەتگوزاری کە سەرەتایـیترین خزمەتگوزاری تێدا نیـیە، وە ڕەنگە لە پایتەختی بێلاڕووسش نزیکەی ٢٥٠ کۆچبەرمان هەبێت کە ئەوانە خۆیان لە هۆتێل و شوێنی نیشتەجێبووندا ماونەتەوە، چاوەڕوان دەکەن لە دەروازەیەکەوە خۆیان بگەیەننە وڵاتانی ئەوروپا، بەڵام وەک باسمان کرد لە ئێستادا زۆر زەحمەتە بەهۆی توندکردنەوەی سنوورەکان لە لایەن وڵاتانی ئەوروپاوە.

وەکو دەزگای لوتکەش هەر لە سەرەتاوە لە ئەنجامی داواکاری و ناڕەزایی ئەو کۆچبەرانەی سەر سنوور ئێمە لە ڕێگای یاداشتێکەوە بۆ وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران و لایەنە پەیوەندیدارەکان داوامان لە حکومەت کردووە کە هاوکاری و ئاسانکاری بۆ ئەو کۆچبەرانە بکرێن تا بگەڕێنەوە لە هەمان کاتدا هاوکاری داراییش بکرێن، چونکە لە ئەنجامی ئەو لێکۆڵینەوانەی ئێمە کردوومانە ئەوانە بڕە پارەیەکی زۆریان خەرجکردووە.

ئاری جەلال وتیشی"ئەوەندەی ئێمە لێکۆڵینەوەمان کردووە وڵاتانی ئەوروپا ڕۆژبەڕۆژ لە پاشەکشەدان لە وەرگرتنی ئەو کۆچبەرانە، چونکە ئەوان وای دەبینن ئەو کۆچبەرانە بەهۆی خراپی دۆخی ئابوریەوە کۆچیان کردووە، نەک کەیسێکی واقیعی کە مەترسیدار بێت بۆ سەر ژیانیان."

هەروەها  جگە لە وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراقی کە لە ڕێگای هێڵی ئاسمانی عێراقیەوە زیاتر لە ٤٠٠٠ کەسی لەو کۆچبەرانە گەڕاندۆتەوە ئەگەرنا تا ئێستا هیچ هاوکارییەکی تر نەکراون.



AM:10:55:03/02/2022