یەكەم كاردانەوەی پارتی لەسەر بڕیاری ئەمڕۆی دادگای فیدراڵی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار


بەرپرسێكی پارتی دیموكراتی كوردستان رایدەگەیەنێت، رێز لە بڕیاری ئەمڕۆی دادگای فیدڕاڵی دەگرن و دەڵێت "دوای پێشنیارەكەی سەرۆك بارزانی ھەوڵ هەیە بۆ ئەوەی ھەندێ ھێزی نێو چوارچێوەی ھەماھەنگیی شیعی لە پڕۆسەی سیاسیی عێراق و پێكھێنانی حكوومەتدا بەشداری بكەن".

د. ڤیان دەخیل، وتەبێژی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق بە ماڵپەڕی حیزبەكەی راگەیاندووە "رێز لە بڕیاری ئەمڕۆی دادگای فیدڕاڵی دەگرین بۆ دانیشتنی دیاریكردنی سەرۆك كۆماری عێراق كە دەڵێت كۆبوونەوەی دیاریكردنی سەرۆككۆمار پێویستی بە ئامادەبوونی دوو لەسەر سێی ئەندامانی پەرلەمان ھەیە، ھەر بڕیارێكیش دەربچێت ڕێزی دەگرین".''

ناوبراو وتویەتی "ئێمە دەتوانین كۆبوونەوەی پەرلەمان بەڕێوە ببەین و ئامادەكردنی ٢٢٠ ئەندامی پەرلەمان، دەمێنێتەوە دانوستانەكانی ئێمە لەو دوو سێ ڕۆژەی داھاتوو لەگەڵ كوتلەكانی دیكەی پەرلەمان".

د. ڤیان دەخیل ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: "پێشنیاری سەرۆك بارزانی لەكاتی خۆیدا بوو، تا چارەسەرێك بۆ نێوماڵی شیعە بدۆزرێتەوە و، پێشبینی دەكەین لە دوو سێ ڕۆژی داھاتوودا ھەندێك گۆڕانكاری ڕوو بدات و ھەندێك لایەنی نێو چوارچێوەی ھەماھەنگیی شیعی لە پڕۆسەی سیاسیدا بەشدار ببن، ئەوانیش درك بەوە دەكەن كە ھیچ بۆشایییەكی دەستووری دروست نەبێت، ئەگەر دانوستانەكانی نێوان سەدر و چوارچێوەی ھەماھەنگی سەر بگرێت ئەوە ھیچ كێشەیەك لە بەڕێوەچوونی كۆبوونەوەی داھاتووی پەرلەماندا نامێنێت.''




PM:06:02:03/02/2022