هەڤاڵ کوێستانی لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار باس لە دوو ئەگەر دەکات

پەرلەمانتارێکی خولی پێشووتری ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار باس لە دوو ئەگەر دەکات و دەڵێت" ئەگەر یەکێتی سوور بێ لەسەر کاندیدکردنی بەرھەم ساڵح، ئەوا کاندیدەکەی بارزانی دەرگای کۆشکی سەلامی لەبەردەمدا ئاوەڵا دەبێ". 

هەڤاڵ کوێستانی پەرلەمانتاری خولی پێشووتری پەرلەمانی عێراق و هەڵسوڕاوی پێشووی بزوتنەوەی گۆران لە نوسینێکیدا بە ناونیشانی (ئەمجارە کێ دەبێتە خانەخوێی کۆشکی سەلام؟) باس لەوە دەکات، من ئاکامی ئەم قۆڵبادانەی نێوان بارزانی و تاڵەبانی لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار، لە دوو ئەگەر زیاتر نابینم:

ئەگەری یەکەم: ئەگەر یەکێتی سور بێ لەسەر کاندیدکردنی دکتۆر بەرھەم، ئەوا کاندیدەکەی بارزانی، ھوشیار زێباری، دەرگای کۆشکی سەلامی لەبەردەمدا ئاوەڵا دەبێ.

ئەگەری دووەم: ئەگەر یەکێتی دەستبەرداری کاندیدبوونی دکتۆر بەرھەم ببێ و دکتۆر لەتیف رەشید بکاتە کاندیدی خۆی، دکتۆر بەرھەم بکشێتەوە یان نا دکتۆر بەرھەم سەر ناکەوێ، لەم حاڵەتەدا بە دوری نازانم بارزانی دەستبەرداری ئەو پۆستە ببێ بۆ یەکێتی، ئەوەش بەدور نازانم بۆ ئەم ئەگەرە رێکەوتنی ژێر بە ژێر لە نێوان بارزانی و تاڵەبانیدا کرابێ، بەمەش ھەردوولا بەرھەمی تێکشکاندنی دکتۆر بەرھەم دەچننەوە.

هاوکات لە بەشێکی تری بڵاوکراوەکەیدا هەڤاڵ کوێستانی پەیامێک ئاڕاستەی تاڵەبانی دەکات و دەڵێت" گەڕانەوی دکتۆر بەرھەم، بە تێکشکاوی، ھیچ مەترسییەک لەسەر پێگە و دەسەڵاتەکانی خۆی دروست ناکاو پۆستەکەش بەو ھەموو خێر و بێرەیەوە دەکەوێتە دەستێکی ئەمینترەوە". 

ئەوەشی خستەڕوو، بۆ بارزانی، وێڕای ئەوەی شکاندنی ئیرادەی یەکێتییە، کارتێکی فشاری بەھێزیشە بەدەستییەوە بۆ وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری کەرکوک یان ھەندێ پۆستی زیاتر لە بەغدا لەسەر حسابی یەکێتی.


PM:08:01:03/02/2022