بافڵ تاڵەبانی لەبارەی بڕیاری خەرجکردنی دەرماڵەی خوێندکاران پەیامێکی بڵاوکردەوە

بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان کەمێک پێش ئێستا دەربارەی بڕیاری خەرجکردنی دەرماڵەی خوێندکاران پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت" لام روونە لە چ بارودۆخێکی سەختدا دەژین و لە خەمی داهاتووتانن، چەند پەرۆشی تەواوکردنی خوێندن و چاو لە ئاسۆن بۆ داهاتووتان، بەڵێنی ئەوەتان پێدەدەم سەرەڕای ئەرکەکانم لە بەغداد، بە زووترین کات دەگەڕێمەوە و پێکەوە دادەنیشین و گوێبیستی داواکارییە زانستییەکانتان دەبم و لە ھەوڵەکانمان بەردەوام دەبین لەپێناو ریفۆرم لە خوێندن و پێشخستنی خوێندنی باڵا". 

دەقی پەیامەکەی بافڵ تاڵەبانی:   

خوێندکارانی ئازیز..  

خۆشحاڵم کە دەرماڵەی (پشتیوانی دارایی) خوێندکاران خەرجدەکرێت، ئەمە مافێکی رەواتانە و ئەرکی حکومەتە ژیانێکی باشتر بۆ ئێوە، کە نەوەی ئێستا و داھاتوون، مسۆگەر بکات.  

لام روونە لە چ بارودۆخێکی سەختدا دەژین و لە خەمی داھاتووتانن، چەند پەرۆشی تەواوکردنی خوێندن و چاو لە ئاسۆن بۆ داھاتووتان. رێگرییەکان ھەرچییەک بن من برا و پشتیوانتانم و لەگەڵتانم بۆ کەمکردنەوەی ئازارەکانتان و رەوینەوەی خەمەکانتان.  

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ٢٩ی ١١ی ٢٠٢١ تا ئەمڕۆ کە دوو مانگ و پێنج رۆژە بەردەوامە لە نۆژەنکردنەوە و دابینکردنی پێداویستییەکانی بەشەناخۆییەکانی زانکۆ و پەیمانگەکان و پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی خوێندنی باڵا و بە دڵنیایشەوە بەردەوام دەبێت.  

ئەوەی کردومانە و دەشیکەین مافی خۆتانە، ئەمە منەت نییە، ئێوە شایەنی ئەوەن لەوە زیاتر خزمەتبکرێن و کەشێکی لەبارترتان بۆ بڕەخسێنرێت تا لە ژینگەیەکی ئارامدا بخوێنن و گەشە بەلایەنی زانستیتان بدەن.  

بەڵێنی ئەوەتان پێدەدەم سەرەڕای ئەرکەکانم لە بەغدا، بە زووترین کات دەگەڕێمەوە و پێکەوە دادەنیشین و گوێبیستی داواکارییە زانستییەکانتان دەبم و لە ھەوڵەکانمان بەردەوام دەبین لەپێناو ریفۆرم لە خوێندن و پێشخستنی خوێندنی باڵا و  فەراھەمکردنی کەشێکی لە بارتر بۆتان تا وەک خوێندکارێکی ئازا و ئازاد خۆتان تەرخانبکەن بۆ خوێندنەکەتان.   

دڵنیابن لەگەڵتانم و بەجێتان ناھێڵم، خەمی من خەمی پێگەیاندنی نەوەیەکی نوێی پڕ زانیاری و زانستە کە داھاتووی کۆمەڵگەکەمان بە باشترین شێوە بنیادبنێنەوە.  

دڵسۆزتان  

بافڵ تاڵەبانی  

٣ی ٢ی ٢٠٢٢ - بەغدا  


PM:09:30:03/02/2022