بەرپرسێکی یەکێتی: دەرکەوت یەکێتی و پارتی بەبێ یەکتری ناتوانن سەرۆک کۆمار دابنێن

هەرێم کەمال ئاغا، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، دەڵێت " دەرکەوت یەکێتی و پارتی بە بێ یەکتری ناتوانن سەرۆک کۆمار دابنێن".

 

هەرێم کەمال ئاغا، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و هەروەها ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی، بەدەنگی ئەمریکای رایگەیاند " لە ئێستادا هەردوو بەرەی شیعە سێ یەکی پەکخستنی پەرلەمانیان لەدەستە هەر لایەکیان دەتوانن کۆبوونەوەی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار پەکبخەن، بۆیە هەردوو لایەنی شیعە دەبێت ڕێکبکەون لەسەر پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق، بێ مەبدەئی تەوافوق تازە هیچ کامیان ناتوانێت ئەوی تریان بشکێنێت".

 

دەشڵێت " بۆ کوردیش ئەوە ڕاستە ئەوەتا نە پارتی توانی بێ یەکێتی سەرۆککۆمار دابنێت وەک ئەوەی دوێنێ بڕیاربوو، نە یەکێتیش دەتوانێت، بۆیە باشترە یەکڕیزی ناو ماڵی شیعە بێتە دی، نە کورد نە سوننە نەبنە بەشێک لە پەرتەوازەیی ماڵی شیعە، بۆ کوردیش ئەگەر بە ئاڕاستەی ڕێککەوتن نەڕۆین ڕەنگە زیان بە ئێستا و داهاتوو و دەسکەوتەکان بگەیەنین".

 

ناوبراو وتیشی " پارتی و یەکێتی بە بێ یەکتر ناتوانن سەرۆککۆمار دابنێن، یەکەم دەبێت رەزامەندی هاوپەیمانەکانیان هەبێت، دووەم دەبێت خۆیان رێکبکەون، بۆیە ئەگەر ناوماڵی شیعە لەت بێت وەک ئەوەی دوێنێ روویدا کورد واتە نە یەکێتی نە پارتی ناتوانن سەرۆککۆمار دابنێن بە لێکترازانی نێوماڵی شیعە، چونکە هەردوولا سێ یەکی پەکخستنی پەرلەمانیان هەیە، ڕوونتر بڵێم هەر کاتێک ماڵی شیعە لەسەر پۆستی سەرۆکی حکومەتی داهاتوو رێککەوتن ئەو کات تێپەڕاندنی سەرۆککۆمار بۆ هەر لایەنێک ئاسان دەبێت".

 

هەرێم کەمال ئاغا ڕوونیشی کردەوە،  گفتوگۆ بە شێوەی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ هەیە، خۆ ئەمڕۆش نەبێت سبەی هەر دەبێت ئەو گفتوگۆیە بەردەوام بێت، یەکێتی و پارتی کۆمەڵێک کاری هاوبەشییان هەیە پێکەوە، کۆمەڵێک خواست و ئەرکی هاوبەشیان هەیە، لە حکومەتی هەرێم پێکەوەین، پاراستنی دەستکەوتەکان ئەرکی هەردوولامانە، ئێستا لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار کە بە ئاڕاستەیەکدا ڕۆیشتن کە هاتە سەر یەک‌شکاندن بە تایبەت لە ڕاگەیاندنەکان کە شتێکی زۆر نادروستە، بۆیە من پێم وایە باشترین مەبدەئی لێکتێگەیشتن و بنەمای کارکردنی هاوبەشییە

 

وتیشی " دەرکەوت پارتی کێشەی لەگەڵ کاندیدەکەی یەکێتی نیـیە، بەڵکو لە دواین کۆبوونەوە ئەوەیان بە برادەرانی ئێمە وتووە چەند ساڵە ئەو پۆستە لای یەکێتیە ئەم خولە ئێمە دەمانەوێت ئەم پۆستە وەربگرین، بەڵام وەک وتم لەبەر ئەوەی زۆربەی پۆستە باڵاکان لە هەرێم بەدەست پارتیەوەیە بە پێی ڕێککەوتنی پێشوتر ئێستا یەکێتی ئەم پۆستە بە مافی خۆی دەزانێت".

 

ئەوەشی ڕاگەیاند " بۆ سەرکەوتنی پۆستی سەرۆک کۆمار ئێستا ئێمە (یەکێتی و پارتی) بە دوو تیم لە بەغداد کاردەکەین، بینرا پارتی بۆ بەدەستخستنی ئەو پۆستە موجازەفەیان بە هاوپەیمانێتیەکەیان کرد بەڵام نەیانتوانی. هەروەها یەکێتیش ئێستا هەمان هەوڵ دەدات بۆ دەستکەوتنی ئەو پۆستە بەڵام وەک ئاماژەم پێدا، پۆستی سەرۆک کۆمار لە دوای ڕێککەوتنی نێوماڵی شیعە کورد بە دەستیدەهێنێت و ئێدی کاممان دەیبەین".

 

 




AM:09:57:08/02/2022