پارتی لەبارەى کاندیدکردنی کەسێکی تر و مانەوەى هۆشیار زێباری ڕوونکردنەوە دەدات

بڕیارە رۆژی یەکشەممەی داھاتوو دادگای باڵای فیدڕاڵی بڕیار لەسەر کاندیدی پارتی بۆ سەرۆک کۆماری عێراق بدات و سەرۆکی فراکسیۆنی پارتیش دەڵێت" دڵنیاین لە پاکی کاندیدی خۆمان و بڕیارەکەی دادگاش ھەڵدەگیرێت". 

ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی راگەیاند" ئەو بڕیارە کاتیەی لەلایەن دادگای فیدڕاڵیەوە لەبارەی کاندیدبوونی ھۆشیار زێباری دەرکراوە ھەڵدەگیرێت، دڵنیاین لەوەی کاندیدی پارتی ھیچ کێشەیەکی یاسایی نیە و ئەوەی بەرامبەری کراوە زیاتر سیاسیە، لەبەر ئەوەش دادگا پرسەکە یەکلا دەکاتەوە". 

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دەشڵێت" تاکە کاندیدی پارتی تا ئێستا ھەر ھۆشیار زێباریە بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق و لە پێشبڕکێ دەمێنێتەوە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆک کۆمار". 

ئەوەشی خستەڕوو، ئێمە لەنێو پڕۆسەی دیاری کردنی سەرۆک کۆمارداین و ھەر کاتێک بڕیاری کاتی لەسەر کاندیدی ئێمە ھەڵگیرا لەلایەن دادگای باڵای فیدڕاڵی ئەوکات پارتی بڕیاری خۆی دەدات لەنێو ھۆڵی پەرلەمان بۆ دانوستان و دەمانبینن.


PM:12:45:09/02/2022