هەردوو مەکتەبی سیاسی یەکێتی و پارتی لەسلێمانی و هەولێر کۆدەبنەوە

بڕیارە ئەمڕۆ هەردوو مەكتەبی سیاسیی پارتی لە هەولێر و مەكتەبی سیاسیی یەكێتی لە سلێمانی لەسەر تاوتوێكردنی پرسی سەرۆككۆماری عێراق کۆببنەوە.  


سەرچاویەکی ئاگاداری نزیک لە پارتی دیموکراتی کوردستان بە ماڵپەڕی سپی ڕاگەیاند، "كۆبوونەوەی ئەمڕۆ مەكتەبی سیاسیی  پارتی لە پیرمام بە سەرۆکایەتی مەسعود بارزانی دەبێت و تەوەری سەرەكیش كاندیدی سەرۆك كۆماری عێراقە." 

هاوكات سەرچاوەیەكی تری ئاگاداری یەکێتی  ڕایگەیاند، " کۆبوونەوەی ئەمڕۆی مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە سلێمانی بەسەر پەرشتی بافڵ تاڵەبانی دەبێت،  لەسەر هەمان تەوەر کە پرسی سەرۆک کۆمارە، گفتوگۆدەکەن".

 

ئەم کۆ بوونەوەیەی یەکێتی و پارتی لەکاتێکدایە، دوێنێ پەرلەمانی عێراق جارێی تر دەرگای خۆپاڵاوتنی بۆ پۆستی سەرۆككۆمار كردەوە دوای ئەوەی پەرلەمان سەركەوتوو نەبوو لە گرێدانی كوبوونەوەی ٧ی شوبات بەهۆی ڕێكنەكەوتن لەسەر كاندیدێك بۆ پۆستەكە و ئامادە نەبوونی ڕێژەی یاسایی.  



PM:02:03:09/02/2022