پۆلیسی ڕاپەڕین: پیاوێك بە چەقۆ كوژرا

ئێوارەی ئەمڕۆ پۆلیسی راپەڕین كوژرانی پیاوێكی بە چەقۆ راگەیاند، كە بەوتەی هاوسەرەكەی لەلایەن سێ كەسی ناسراو هێرشكراوەتە سەریان.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ئیدارەی ڕاپەڕین لە راگەیەنراوێكدا بڵاویکردەوە، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پیاوێك بەناوی (ق. ب.ع) تەمەن (٣٦) ساڵ لە رەگەزی نێر، دانیشتووی قەڵادزێ گەڕەكی ڕاپەڕین كە پێشمەرگەیە لە لیوای شەشی پیادە بە برینداری گەیەندرایە نەخۆشخانەی گشتی قەڵادزێ كە شوێنەواری چوار چەقۆ بەسەر جەستەیەوە هەیە، بەڵام بەهۆی سەختی برینەكەیەوە گیانی لەدەستدا، لە ڕوداوەكەشدا هاوسەرەكەی بەسوكی بریندار بووە و لە نەخۆشخانە چارەسەری پێویستی بۆ كراوە.

پۆلیسی راپەڕین دەشڵێت" بەوتەی هاوسەرەكەی بەیەكەوە ویستویانە بچن بۆ هۆڵی ئاهەنگێك لە قەڵادزێ ئینجا لەلایەن سێ كەسی ناسراو بە چەقۆ هێرشی كراوەتەسەر و بەسەختی برینداریان كردووە".

لە بەشێکی تری راگەیەنراوەكەدا ئەوەش هاتووە" بە بڕیاری دادوەر و بە ماددەی (٤٠٦) لە یاسایی سزادانی عێراقی فەرمانی دەستگیركردن بۆ تۆمەتباران دەرچووە و دۆسیەی لێكۆڵینەوەش بۆ ڕووداوەكە ڕێكخراوە". 


PM:05:24:15/02/2022