یەکگرتووی ئیسلامی: پێویستە حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدراڵی هەنگاوی جدی بنێن

یەکگرتووی ئیسلامی ڕای گەیاند " ئەوان دەخوازن دەسەڵاتی دادوەری باڵاو دادگای فیدراڵی هاوكاربن بۆ سەقامگیری گشتی و چارەسەری گرفتەكان، داواش دەکەن بەغدا و هەولێر هەردوولا بەگیانی چارەسەر مامەڵە لەگەڵ پێشهاتەكان بكەن".

ئەمڕۆ چوار شەممە ١٦ی شوبات، ئەنجومەنی جێبەجێكردنی یەكگرتوی ئیسلامیی كوردستان لەراگەیەنراوێکدا ڕایدەگەیەنن "وێڕای بونی چەندین تێبینی و ڕەخنە لە سەر ئەدائی حكومەتی هەرێم، سەبارەت بە دۆسیەی نەوت و غاز و شێوەی مامەڵەی لەگەڵ گرفتە هەڵواسراوەكانی لەگەڵ بەغدا، بە نیگەرانیەوە دەڕوانینە ئەم بڕیارەی دادگای فیدڕاڵی عێراق سەبارەت بەپرسی نەوت و غاز كە ساڵانێكە فەرامۆش كراوەو لەم كاتە هەستیارەدا وروژێنراوە، دەخوازین دەسەڵاتی دادوەری باڵاو دادگای فیدراڵی بەڕێز هاوكاربن بۆ سەقامگیری گشتی و چارەسەری گرفتەكان."

هەر لە ڕاگەیاندراوەکەی یەگرتووی ئیسلامی باسی ئەوەشکراوە،  بەڵێ گرفت هەیە، شپرزی و نارێكی هەیە، بەڵام چارەسەر بەڕێگەی دەستوری و مرونەتی سیاسی دەكرێ و پێویستە هەردولا حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدراڵی هەنگاوی جدی بنێن بۆ چارەسەری عەمەلی،  ئێمەش لەیەكگرتوی ئیسلامی كوردستان خوازیارین هەردوولا بەگیانی چارەسەر مامەڵە لەگەڵ پێشهاتەكان بكەن، دۆخی وڵات و ناوچەكە بەرگەی گرژی نانەوەی زیاتر ناگرێت .

ئەنجومەنی جێبەجێكردنی یەكگرتو دەشڵێت" دەستوری وڵات ئەرك و مافی هەموولایەكی دیاری كردووە و دەتوانێ هەموان بكاتەوە لەسەر سفرەی هاوڵاتی بونی یەكسان و پاراستنی سیستەمی فیدراڵی عێراق."



PM:06:16:16/02/2022