ناردنی ٢٠٠ ملیار دینارەکەی بەغداد کێشەی تێکەوت

 لە ڕوونکردنەوەیەکدا، وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێم ڕایدەگەیەنیت "جارێكی دیكە وەزارەتی دارایی عێراق ناردنی ئەو ٢٠٠ ملیار  دینارەی كە وەك سلفە بۆ تەواوكاری دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەینارد جارێکیتر دوایخستووە".

 

دەقی روونكردنەوەكە بەمشێوەیەی لای خوارەوە هاتووە:

 

جارێكی دیكە وەزارەتی دارایی عێراق ناردنی ئەو (200 ملیار)  دینارەی كە وەك سلفە بۆ تەواوكاری دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بەكاردەهێنرا دواخستووە.

 

هەرچەنده بەپێی یاسای بودجەی عێراقی فیدراڵی سالی(٢٠٢١) دەبوو لەو بڕە زیاتری  بناردایە، بەڵام بۆ مانگی (١)تا دوێنێ

( ١٦/شوباتی ٢٠٢٢) ئەو بڕەشی نەناردووە، بۆیە دابەشكردنی مووچە تا ڕادەیەك خاوبووەتەوە.

 

بۆ ئەوەی دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەرانی وەزارەتەكانی (شارەوانی و گەشتوگوزار، خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ,كارەبا، سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران، سەرۆكایەتی پەرلەمان، سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان، خانەنشینی سەربازی و شارستانی) زیاتر دوانەكەوێت، بڕیارماندا لە داهاتی نەوتیی مانگی  ٢/ ٢٠٢٢ دابەشكردنی موچەی مانگی (١) بەردەوام بێت.

 

 



AM:09:36:17/02/2022