ڕەوتی ئایندەی نیشتیمانی: ئەم سیاسەت و رەفتارەی دەسەڵاتی سیاسی و حوکمرانی هەرێم جۆرێکە لە تەسلیمبون

ڕەوتی ئایندەی نیستیمانی لەسەر بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی، ڕاگەیاندراوێکی بڵاو کردەوە، دەڵێت "دەسەڵاتی سیاسی و حوکمرانی هەرێم ساڵانێکە خەستتر لە پێشتر کەوتۆتە گەمەی سیاسی و بازرگانی و هەواڵگری و سەربازی لە گەڵ وڵاتانی ناوچەکە بێ ئەوەی رەچاوی بەرژەوەندیە نەتەوەییە باڵاکانی کورد بکات.

ئەمڕۆ هەینی ١٨ی شوبات،  ڕەوتی ئایندەی نیشتیمانی، دەربارەی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵ سەبارەت بە نەوتی هەرێم ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە دەڵێت "ئەم سیاسەت و رەفتارەی دەسەڵاتی سیاسی و حوکمرانی هەرێم جۆرێکە لە تەسلیمبون بە ئیرادەی ئەو هێزە ئیقڵیمیانەی چاویان بەرایی نایەت بە نمونەی حوکمرانی لە باشوری کوردستان و راشکاوانە و ژێربەژێریش سەرقاڵی دارمان و پوچەڵکردنی ئەم کیانەی کوردن لە عێراق، بۆ ئەم مەرامەشیان پێرەوی سیاسەتی کلۆرکردنی نێوماڵی کورد کردوە تا لە ناوخۆیدا دارمێت، هەر بۆیەش رێگایان داوە  بەو دەسەڵاتەی هەرێم تا بازرگانی بە سەروەت و سامانی میللەتەوە بکات و پشكێکی گرنگیشیان لە داهاتەکی بۆ خۆیان زەوتکردوە".

 

دەقی ڕاگەیاندراوەکەی ڕەوتی ئایندەی نیشتیمانی لەسەر بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی بەم شێوەیەی خوارەوە هاتووە:

 

راگەیانراوی رەوتی ئایندەی نیشتمان (رەوا) دەربارەی بریارەکەی دادگای فیدراڵی

 

لە چەند رۆژی رابوردودا دادگای فیدراڵی عێراق بە زۆرینەی دەنگی ئەندامانی بریارێکی دەربارەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەرکرد کە تێێدا داوا دەکات کۆمپانیای نیشتمانی نەوت لە عێراق بە لێتێگەیشتن لە گەڵ بەرپرسانی هەرێم ئەو بریارە جێبەجێ بکەن و داهاتەکەشی بگەرێتەوە بۆ خەزێنەی دەوڵەتی فیدراڵی عێراق و حکومەتی ناوەندیش ئیتسحقاقاتی دارایی هەرێم دابین بکات.

بریارەکە کێشەی یاسایی تێدانیە، بەڵام ئەمە کۆتایی ئەم پرسە نیە، چونکە لەلایەک لە زۆربەی وڵاتانی ناوچەکەمان و زۆر تایبەت لە عێراق هەمیشە ئیرادەی سیاسی دەسەڵاتداران بەهێزتر و کاریگەرتر بوە لە دەستور و یاساکان.

لە مێژوی دەوڵەتی عێراقدا هیچکات لە دەستوردا نەهاتوە کورد ئەنفال و کیمیاباران و کۆمەڵکوژ بکرێت، دوای روخاندنی سەدامیش چەند برگەیەکی دەستور کە لە خزمەتی خەڵکی عێراقدایە پشتگوێ خراون وەک دروستنەکردنی ئەنجومەنی فیدراڵی، جێبەجێنەکردنی مادەی ١٤٠ ی دەستور و دەرنەکردنی یاسای نەوت و گاز، بەڵام کاتێک ئیرادەی سیاسی مەزهەبی خوازیار بوە هێزێکی میلیشیای مەزهەب گەرا دروستکراو و بەیاسایی کرا، هەروەها لە چەند تەوەرێکی تریشدا دەسەڵاتی سیاسی بریاردەر بوە.

ئەمە ئەو لایەنە نەبینراو و باسنەکراوانەن کە لە زەمینە سیاسیەکەی ئەو بریارەدا خۆیان مات داوە کە لە ئەرزی واقیعدا گەر سەریان هەڵدا مەترسیەکی جدی لەسەر پرسی نیشتمانی و نەتەوەیی میللەتەکەمان دروست دەکەن.

لە لاکەی تریشەوە دەسەڵاتی سیاسی و حوکمرانی باشور خەتابارێکی سەرەکی و بنەرەتی دروستبونی ئەم دۆخەی ئێستایە.

حکومەتی هەرێم دەسکەوتە مەزنەکەی نەتەوەی کوردە لە نیو سەدەی رابوردودا کە بەخوێن و قوربانی سەدان هەزار رۆلەی گەلەکەمان و بە ماڵوێرانی و خۆراگری رۆڵەکانی میللەتەکەمان بۆتە کیانێکی سیاسی و حوکمرانی لە باشوری کوردستان. خەڵکی باشور و بەشەکانی تری کوردستانیش چاوەروان بون ئەم ئەزمونە بکرێتە نمونەیەکی سەرکەوتوی دیموکراسی و سەروەری یاسا و رێگەخۆشکەر بێت بۆ ئایندەیەکی گەش بۆ نەوەکانی داهاتو.

هەر زۆر زو دەرکەوت کە دەسەلآتی سیاسی و فەرمانرەوایی هەرێم خۆپەرستانە حکومەت و سەروەت و سامانی کوردستان بە موڵکی خۆیان دەزانن و وەک خێرکردن بە میللەت ئارەزومەندانە و بژارکراوانە فەرمانرەواییان بەڕێکردوە و بە پێوەرەکانی خۆیان بونە پێشیلکاری یاسا، مافەکانی مرۆڤ، بوئرەی گەندەڵی و سەرکوتکەری ئازادیەکان و راوەدونان و زیندانیکردن و کوشتی ئەو رۆڵانەی دەنگی نارەزاییان بەرامبەر ئەو دەسەڵات بەرزکردۆتەوە، بەوەش نەوەستاون، بە پاساوی ئابوری سەربەخۆ دەروازەکانی باشوریان بۆ وڵاتان و داگیرکەرانی کوردستان واڵا کردن تا بەرێگەی ئەوانەوە بتوانن بازرگانی رەش بە سەروەت و سامانی نیشتمان بکەن و داهاتەکەش بۆ خۆیان زەوتکەن.

بەشێکی زۆری هێز و رێکخراو و کەسایەتیە دڵسۆزەکانی کورد بەردەوام دەسەڵاتیان لە مەترسیەکانی ئەم سیاسەت و رەفتارکردنە ئاگادار کردۆتەوە، بەڵام گوێیان نەگرت و لەو سیاسەتە مەترسیدارە بەردەوام بون.


جەماوەری دڵسۆزی کوردستان،

دەسەڵاتی سیاسی و حوکمرانی هەرێم ساڵانێکە خەستتر لە پێشتر کەوتۆتە گەمەی سیاسی و بازرگانی و هەواڵگری و سەربازی لە گەڵ وڵاتانی ناوچەکە بێئەوەی رەچاوی بەرزژەوەندیە نەتەوەییە باڵاکانی کورد بکات، تا ئاستی جێگیربونی دەیان بنکەی سەربازی و هەوڵگری وڵاتانی دراوسێ و هاوکاتیش قبوڵکردنی مەرج و داواکاریەکانی رژێمە ناحەزە سەرسەختەکان بە کورد.

ئەم سیاسەت و رەفتارەی دەسەڵاتی سیاسی و حوکمرانی هەرێم جۆرێکە لە تەسلیمبون بە ئیرادەی ئەو هێزە ئیقڵیمیانەی چاویان بەرایی نایەت بە نمونەی حوکمرانی لە باشوری کوردستان و راشکاوانە و ژێربەژێریش سەرقاڵی دارمان و پوچەڵکردنی ئەم کیانەی کوردن لە عێراق، بۆ ئەم مەرامەشیان پێرەوی سیاسەتی کلۆرکردنی نێوماڵی کورد کردوە تا لە ناوخۆیدا دارمێت، هەر بۆیەش رێگایان داوە  بەو دەسەڵاتەی هەرێم تا بازرگانی بە سەروەت و سامانی میللەتەوە بکات و پشكێکی گرنگیشیان لە داهاتەکی بۆ خۆیان زەوتکردوە.

دەسەڵاتی کوردی زۆر بێباکانە هاوڵاتیانی هەرێمی کردۆتە قوربانی ئەم رەفتار و سیاسەتە خۆپەرستانەیان، لەو پێناوەشدا موچەی رەوای کارمەندانی حکومەت، خزمەتگوزاریەکانی هاوڵاتیان، ئاشتی کۆمەڵایەتی  و لێکتێگەیشتنی نێو ماڵی کوردیان کردۆتە قوربانی ئەو مەرامە تایبەتیانەیان.

لە ئیستادا مەترسیەکان زیاتر کەڵەکەدەبن و تادێت چەپۆکی وڵاتانی ناوچەکە بە حکومەتی عێراقیشەوە توندتر گەردنی کوردی گرتوە، رەوتی ئایندەی نیشتمان لە ئەرکی نیشتمانی و نەتەوەییەوە داوا لە دەسەڵاتی سیاسی و حوکمرانی هەرێم دەکات کە دەستیان بکشێننەوە و حکومەتێکی نیشتمانی بێلایەن لە هەرێم دروست بکرێت کە ئەنجومەنێکی نیشتمانی چاودێری بکات تا ساتی سازدانی هەڵبژاردنێکی نوێ بۆ پەرلەمانی کوردستان.



PM:02:43:18/02/2022