حكومەتی هەرێم لەبارەی ئەژماركردنی خزمەتی فەرمانبەران لە كاتی مۆڵەتی بێ مووچەدا، بڕیارێكی نوێی دەرکرد.
بهپێی نووسراوێكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە ٣١ی کانوونی دووەمی ئەمساڵ ڕوونكردنەوەیەك بە وەزارەتی دارایی دراوە سەبارەت بە ئەژماركردنی خزمەتی ئەو فەرمانبەرانەی، كە مۆڵەتی بێ مووچەیان پێ دراوە و پێ دەدرێت.
له نوسراوهكهدا ئاماژه بهوهش كراوه، ئەو فەرمانبەرانەی پاڵپشت بە بڕیاری حكومەتی هەرێم و رێنماییە دارایییەكانی ساڵی ٢٠١٥ و ٢٠٢٠ مۆڵەتی بێ مووچەیان پێ دراوە و پێدهدرێت ماوەی مۆڵەتی بێ مووچەیان تەنیا بۆ مەبەستی خانەنشینی بۆ بە خزمەت ئەژمار دەكرێت.
لای خۆشیهوه حازم ئیسماعیل گۆران، بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشینان لە وەزارەتی دارایی هەرێم لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند" ئەو فەرمانبەرەی مۆڵەتی بێ مووچەی وەرگرتووە، تەنیا بۆ خانەنشینبوون سوودی لێوەردەگرێت، بۆ سەرمووچە و پلەبەرزكردنەوە سوودی لێ وەرناگیرێت، پێشووتر بۆ خزمەتی خانەنشینیش ئەو ماوەیە ئەژمار نەدەكرا، بەڵام ئێستا ئەژمار دەكرێت".