تەندروستی سلێمانی: هیچ نەشتەرگەرییەکی منداڵبوون ئەمڕۆ ئەنجام نادرێت

بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی، لە نوسراوێکدا بڵاویکردەوە ئەمڕۆ، کە رێککەوتی ٢٢ی شوباتە و هاوڵاتییان بە بەروارێکی سەرنجڕاکێشی دادەنێن، بۆ ئەوەی منداڵەکانیان لەدایک ببێت، بەڵام بەپێی بڕیارێکی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی، هیچ نەشتەرگەرییەکی منداڵبوون لە نەخۆشخانەکاندا ئەنجام نادرێت.

 

ئەمڕۆ بە پێێ نوسراوێکی بەڕێوە بەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی، نوسراوێکی ئاڕاستەی سەرجەم نەخۆشخانە تایبەتەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی کراوە تێیدا ئاگادارییان دەدرێتێ کە نابێت ئەمڕۆ ٢٢/٢/٢٠٢٢ لە شەفتی بەیانیاندا هیچ جۆرە نەشتەرگەرییەک ئەنجامبدەن بە تایبەتی نەشتەرگەری منداڵبوون، جگه‌ له‌پزیشكى پسپۆڕى نه‌شته‌رگه‌ریی خانه‌نشین‌ و پزیشكى بێهۆشكاریی خانه‌نشین.

 

هەر لە نوسراوەکەدا ئەوەش هاتووە، " هەر نەخۆشخانەیەک سەرپێچی بکات، ئەوا لە رێگەی لیژنەی ئاسایش و بەڕێوەبەرایەتییمانەوە بۆ ماوەی ٧٢ کاتژمێر هۆڵی نەشتەرگەری دادەخرێت".

 

ئەمەش لەکاتێکدایە ئەمڕۆ رێککەوتی ٢٢/٢/٢٠٢٢ لەلایەن هاوڵاتییانەوە بە رێککەوتێکی سەرنجڕاکێش دادەنرێت ئەو بەروارە دوبارە نابێتەوە، بۆیە زۆرێک خێزانەکان  هەوڵدەدەن لەم رۆژەدا منداڵەکانیان لەدایک ببێت، هەندێک جار خۆیان بە نەشتەر گەری پێش وادەی لەدایک بوونی خۆی منداڵەکە دەردەهێنن هەربۆیە بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی ئەم بڕیارەی بۆ سەرجەم نە خۆشخانەکان دەرکرد.

 

 

 



PM:12:24:22/02/2022