ئەمینداری یەكگرتوو: بەهۆی كێبڕكێی ناشەریفانەوە داهاتوی هەرێم بەرەو چارەنوسێكی نادیار دەڕوات


ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان هۆشداری سەبارەت بەدۆخی سیاسی داهاتووی هەرێمەوە دەدات و دەڵێت، بەهۆی كێبڕكێی ناشەریفانەوە داهاتوی هەرێم بەرەو چارەنوسێكی نادیار دەڕوات.

ئێوارەی ئەمڕۆ سەلاحەدین محەمەد بەهادین، ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە سەردانێكدا بۆ قەزای شارەزوور و كۆبوونەوە لەگەڵ ئەندامانی حیزبەكەی، رایگەیاند "ئەوەی دەگوزەرێت لە بەغداو هەرێم ناڕەوایە و بەرژەوەندییەكانی گەل و وڵات و كوردایەتی دەكرێتە قوربانی ململانێی حزب و شەخس كە خەتایەكی گەورەیە و هێزە دەسەڵاتدارەكان ناتوانن ئەركەكانیان بەرامبەر هاوڵاتیان جێبەجێ بكەن و شكستیان خواردووە لەخزمەتی گەل و وڵاتدا".

ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە "ئێمە بەشدارنابین لەهیچ ستەمێك و ناڕەواییەك كە لەم هەرێم و عێراقدا ڕوودەدات كە بەداخەوە خەریكە بەهۆی كێبڕكێی  ناشەریفانەوە وڵات دەكەنە وێرانە".

لێدوانەكەی ئەمینداری یەكگرتوو لە كاتێكدایە بەهۆی پۆستی سەرۆك كۆماری عێراقەوە، نێوانی پارتی و یەكێتی لە گرژیدایە بەهۆی ئەوەی هەریەكەیان و كاندیدی جیاوازیان بۆ ئەو پۆستە هەیە.



PM:09:10:23/02/2022