نێچیرڤان بارزانی بۆ كەسوكاری شنیار: هەموو لایەك دڵنیا دەكەینەوە كە تاوانباران رووبەڕووی یاسا دەبنەوه


نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، وەك هەمیشە بەرەنگاری دیاردەی توندوتیژی خێزانی دەبنەوە و بە هەموو شێوەیەكیش سەركۆنەی ژنكوژی و سەركوتكردن و ئازاردانی ئافرەتان دەكەن بە هەر بەهانەیەك بێت، هەموو لایەكیش دڵنیا دەكەنەوە كە تاوانباران رووبەڕووی یاسا دەبنەوه.

نێچیرڤان بارزانی، پەیامێكی هاوخەمی بۆ كەسوكاری شنیار هونەر ئەو ژنەی كە دەوترێت بەهۆی "سووتانی لەلایەن هاوسەرەكەیەوە" گیانی لەدەستدا بڵاوكردەوە و رایگەیاندووە "ئەوپەڕی هاوسۆزی و هاوخەمیم لەگەڵ دایكوباوك و خانەوادە و كەسوكاری خاتوو شنیاری خوالێخۆشبووی دایكی دوو منداڵی ساوا دەردەبڕم، سەرەخۆشییان لێدەكەم و دڵنەوایی و ئارامییان بۆ دەخوازم".
 
سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئاماژەی بەوەكردووە "وەك هەمیشە و تا كۆتایی بەرەنگاری دیاردەی قێزەوەنی توندوتیژی خێزانی دەبینەوە و بە هەموو شێوەیەك سەركۆنەی ژنكوژی و سەركوتكردن و ئازاردانی ئافرەتان دەكەن بە هەر بەهانەیەك بێت".
 
نێچیرڤان بارزانی دەڵێت "تاوانباران رووبەڕووی یاسا دەبنەوه و هەموو دامودەزگە پەیوەندارەكانی هەرێمی كوردستان بە گوڕتر رووبەڕووی ئەو كولتوورە دواكەوتووە دەبنەوە".
 
بەرەبەیانی رۆژی شەممە لەشاری سلێمانی شنیار هونەری 21 ساڵ بە گڕی ئاگرەوە لە ماڵەكەی خۆیەوە هەڵات و هانای بۆ دراوسێكانی برد تاكو ئاگرەكەی جەستەی بكوژێننەوە، دوای كوژاندنەوەی ئاگرەكەش لە ئیفادەی پۆلیسدا وتویەتی "هاوسەرەكەم سووتاندمی"، سەرلەبەیانی ئەمڕۆش لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە، دوای رووداوەكەش هاوسەرەكەی دەستگیركرا.
 



PM:09:47:23/02/2022