حزبی شیوعی کوردستان لەسەر جەنگی ڕووسیاو ئۆکرانیا ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە

حزبی شیوعی كوردستان لە ڕاگەیاندراوێکدا دەڵێت، ئەوەی لە ئۆكرانیا ڕوودەدات قوڵبونەوەی قەیرانی خودی سەرمایەدارییە.

حزبی شیوعی كوردستان لەپەیامێكدا هەڵوێستێ خۆی لەبارەی شەڕی ڕوسیا-ئۆكرانیا لەڕاگەیاندراوێکدا بڵاوکردەوە، هەواڵەكان لە ئۆكرانیاوە دڵەڕاوكێیەكی گەورەی لای سەرجەم ئەو هێز‌و نێوەند‌و دەوڵەتانە دروستكردووە، كە سەقامگیریان بەلاوە گرنگەو دەخوازن ناسەقامگیری و مەترسییەكانی شەڕ كۆتایی پێبێت، كەدواجار بارگرانییە لەسەر شانی كۆی مرۆڤایەتی.

 

دەقی پەیامی حزبی شیوعی کوردستان بەمشێوەیەی خوارەوە هاتووە:

هاوڕێیانی سەركردەی حزبە شیوعی و كرێكارییەكانی جیهانی خۆشەویست

هەواڵەكان لە ئۆكرانیاوە دڵەڕاوكێیەكی گەورەی لای سەرجەم ئەو هێز‌و نێوەند‌و دەوڵەتانە دروستكردووە، كە سەقامگیریان بەلاوە گرنگەو دەخوازن ناسەقامگیری و مەترسییەكانی شەڕ كۆتایی پێبێت، كەدواجار بارگرانییە لەسەر شانی كۆی مرۆڤایەتی.

پاراستنی ئاشتی جیهانی بابەتێكی هاوبەشی سەرجەم حزبەكانمانە و لەبەرایی تێكۆشانی هاوبەشمان دێت، بۆ سنوور دانان لەبەردەم پلانەكانی ئیمپریالیستی جیهانی، كەپاڵ بە مرۆڤایەتییەوە دەنێ، بۆ لێواری شەڕو كوشتار، چینی كرێكار و تەواوی كارگەرانی جیهان دەخاتە بەردەم مەترسی‌و گەفێكیشە لەسەر كۆی مرۆڤایەتی.

هەوڵی بەرفرەوانكردنی هاوپەیمانی ناتۆ و كوتینی دەهۆڵی شەڕو ئەنجامدانی مانۆری سەربازی لەچەندین ناوچەی گۆی زەوی، هاوكات لەگەڵ گۆڕانكارییەكی چۆنایەتی لەماوەی دوو دەیەیی رابردوو، لەئاستی پەیوەندی نێودەوڵەتی‌و بەردەوامبوونی پێكناكۆكیەكانی سیاسەتی نێودەوڵەتی، بەرجەستەی ئەو ئاماژەیەیە، كە جیهان پێشهاتێكی جۆری بەخۆیەوە دەبینێت كە پیشاندانی كۆتایی تاك جەمسەرییە، هاوكات مۆدێلێكی دیكەی فرەجەمسەری پەیدابووە كە هێشتا ناوەڕۆك‌و شێوەكەی بەتەواوی رۆشن نییە، كە پێویستە هۆكاربێ بۆ دروستكردنی جۆرێك لەهاوسەنگی جیهانی و هەلێك بۆ هێزە پێشكەوتووخوازەكانی جیهانی برەخسێنێت تاوەكو بیقۆزنەوە بەشێویەك خزمەتی كێشەكانی گەلان ‌و چارەسەری كێشە هەڵپەسێردراوەكان بكات‌و سنوورێك بۆ ناوچەكانی ناسەقامگیر دابنێ، لەرێگای چارەسەری هەموو كێشەو گرفتەكان، بەپشتبەستن بە بەرژەوەندییەكانی گەلان‌و بژاردەی ئازادانە.

ئامانجی سەرەكی سەرمایەداری هاوچەرخ و پلانە سەربازییەكانی و سیاسەتەكانی هاوپەیمانی ناتۆ، بریتیە لەدیدی بەسەربازیكردن، لەرێگای زۆرتركردنی پێشبڕكێی خۆپڕچەككردن و زێدەتركردنی خەرجی سەربازی، بۆ بەلاڕێدابردنی چاوەكانە لەسەر ئەوەی روودەدات، كە جیاوازییەكی گەورە لە كەڵەكەبوونی سامانی جیهانیدا پەیدابووە لەنێوان كەمینەیەكی سەرمایەدار كە بەرجەستەی سەرمایەداری دارایی دەكەن و دەسەڵاتی بەسەر سامانی كۆی مرۆڤایەتیەوە هەیە، لەگەڵ سامانی زۆرینەی مرۆڤایەتی، كە هەر رۆژ هەژاری و بێكاری زۆرتر دەبێ‌و بەرەی توێژە پشتگوێخراوەكان لەئاستی جیهانی روو لە فرەوانییە، بۆیە ئێمە وای دەبینین ئەم بابەتە شێوازێكە لەقووڵبوونەوەی قەیرانەكانی خودی سەرمایەداری هاوچەرخ، كە هەوڵی سەرلەنوو دابەشكردنەوەی بازاڕەكان، بەتایبەتی لەبواری ووزەدا، دەدات.

ئێمە لەحزبی شیوعی كوردستان- عێراق، لەچوارچێوەی ئەوەی كە بەشێكین لەخێزانی حزبەكانی شیوعی ‌و كرێكاری جیهانی، ئەم پەیامە ئاراستەی سەركردەی حزبە دۆست‌و هاوبەشەكانمان دەكەین، كە هەڵوێستێكی هاوبەش وەربگرین‌و بەیاننامەیەكی هاوبەش بڵاوبكەینەوە، كە دربڕی دیدوبۆچوونی بزووتنەوەكەمان بێت‌و هەوڵی چاڵاكی هاوبەش لەسەرئاستی نیشتمانی و جیهانی بدەین، لەچوارچێوەی دیدە بنەڕەتییەكانمان بۆ ئاشكراكردنی هەوڵەكانی سەرمایەداری جیهانی و پلانەكانی ئیمپریالیەتی ئەمریكی و هاوپەیمانی ناتۆ، كە گەفە لەسەر لەئاشتی جیهانی، هەروەها رووی رای گشتی جیهانی بەو ئاراستەیە بێ، رۆڵی فشاری خۆی بگێڕێت لەپێناو چارەسەركردنی سەرجەم كێشە هەڵپەسێردراوەكان بەشێوەی ئاشتیانەو لەرێگای پیشت بەستن ئیرادەی گەلان و بژاردەی ئازادانە و رێوشوێنی حەوكەمەی نێودەوڵەتی و تیشك خستنە سەر گرنگی بابەتی گەشەپێدانی بەردەوام و یەكانگیری نێوان گەلان بۆ بەرەنگاربوونەوەی دیاردەكانی گەندەڵی‌و پیسبوونی ژینگە، هەروەها كاركردنی هاوبەش لەپێناوئەوەی نەهێشتنی هەژاری و بێكاری‌و یەكسانی جێندەری، ببنە بابەتگەلێكی جیهانی لەگۆڕەپانی سیاسی نێودەوڵەتییدا.

مەكتەبی سیاسی

حزبی شیوعی كوردستان

2022/2/23



PM:08:16:25/02/2022