شەڕی ئۆکرانیا و ڕووسیا کاریگەری نەرێنی لەسەر بازرگانانی هەرێم دروست کردووە

ژووری بازرگانیی سلێمانی بڵاویکردەوە، وڵاتی ئۆکرانیا پەیوەندییەکی زۆری بازرگانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان و عێراق هەیە و بەهۆی جەنگ لەو وڵاتە لەئێستادا کارە بازرگانیەکان بە تەواوی ڕاگیراوە.

ئەمڕۆ هەینی ٢٥ی شوبات، ماڵپەڕی ژووری بازرگانیی سلێمانی لەزاری پێشەوا سیروان، بازرگان لە شاری سلێمانی بڵاویکردەوە، کاری بازرگانیمان لەگەڵ وڵاتی ئۆکراینا بەتەواوی ڕاوەستاوە بەهۆی ڕاگەیاندنی باری نائاسایی لەو وڵاتە بۆ ماوەی ٣٠ ڕۆژ و هەروەها راوەستانی کاری تەواوی کارگەکان و بەرهەم هێنەرەکانی ئەو وڵاتە ئەمەش زیانی گەورە بەکاری بازرگانی ئێمە دەگەیەنێت.

وتیشی "ئەوبەرهەمانەی لە  ئۆکراینا هەناردەی ئێرە دەکرا زۆر جۆر لەخۆ دەگرێت وەک (خواردن، شەربەت، شیرەمەنی، ئەندۆمی، پاکەرەوە، خەڵوز، زۆر بەرهەمی دیکە) بەڵام ئێستا هەموو ئەم بەرهەمانە هاوردە ناکرێت و ڕێگاکان بە تەواوی داخراون ئەمەش دەبێتە زەرەرو زیانێکی زۆرە بۆ کاری بازرگانیمان، باسی لەوەشکرد، دروستبوونی کاری بازرگانی لەگەڵ وڵاتی ئۆکراینا ئاسان نەبووە، چونکە هەر کارێکی بازرگانی کۆمەڵێک خەرجی هەیە لەئێستادا هەموو ئەو کارانەی کراوە هەر لە کڕینی ئۆتۆمبێل و پێداویستیەکان دەبێتە زیان بۆ بازرگانان، چونکە هیچ زەمان و قەرەبوکردنەوەیەکی بازرگانان لەلایەن حکومەتەوە نیە."  

ڕاشیگەیاند "لەئێستادا بازرگانان لە هەوڵی ئەوەدان بەدیلی بەرهەمە ئۆکرایناکان بدۆزنە بەتایبەت لە ووڵاتانی دراوسێ وەک ئێران و تورکیا بۆ ئەوەی بتوانن ئەو زەرەرەی کردویانە لەوە زیاترنەبێت و کاری خۆیان بەردەوام بکەن."  



PM:11:19:25/02/2022