داوای کارا کردنەوەی ئەرکی کۆمسیۆن دەکرێت بۆ ئامادەکاریەکانی هەڵبژاردنی هەرێم

بەڕێوەبەری گشتی لە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن  و راپرسی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، ئەرکی پەرلەمانە کۆمسیۆن کارا بکاتەوە، بۆ ئەوەی دەست بە ئامادەکارییەکانی بکات بۆ هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان چونکە سەرۆکی هەرێم وادەی هەڵبژاردنی دیاری کردووە. 

 

کاروان جەلال بەڕێوەبەری گشتی لە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمی کوردستان دەڵێت " دوای ئەوەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان وادی هەڵبژاردنی کوردستانی دیاریکرد و بودجەی تایبەتیش بۆ پرۆسەکە تەرخانکرا، ئەرکی پەرلەمانە کۆمسیۆن کارا بکاتەوە، بۆ ئەوەی کۆمسیۆنەکە دەست بە ئامادەکارییەکانی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکات".

 

وتیشی" کۆمسیۆن ماوەی شەش مانگی پێویستە بۆ ئامادەکاریکردن بۆ پرۆسەی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان بکات".

 

باسی لەوەشکرد،  تاوەکو ئەنجومەنی کۆمسیاران پێکنەهێنرێت، ناتواندرێت هیچ هەنگاوێک بنرێت بۆ دەستپێکردنەوەی ئامادەکارییەکان بۆ پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، بۆیە لە ئێستادا چاوەڕوانین پەرلەمان بە ئەرکی یاسایی خۆی بەجێبگەیەنێت و بریارێک لەبارەی ئەنجومەنی کۆمسیاران و کۆمسیۆنەوە بدات.

 

ئەمەش دوای ئەوەدێت، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بەرواری ١ی تشرینی دووەمی  وەک وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکرد و بۆ ئەو مەبەستەش لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە بوودجە بۆ پرۆسەکە تەرخانکرا.

 

 

 

 


 



PM:03:08:26/02/2022