پارێزگاری هەولێر، كێشەی ئەو ئافرەتە بەتەمەنەی چارەسەر كرد كە خانووەكەی لێسەندرابوو.
دیوانی پارێزگای هەولێر بڵاویكردەوە، دوای ئەوەی ئافرەتێكی بەتەمەن خانووەكەی كە نزیكەی 28 ساڵ پێش ئێستا كڕیویەتی و ئێستا كەسێك لە دادگا سكاڵای تۆماركردووە و سەلماندویەتی كە پێشتر زەوییەكە هی ئەو بووە و بە نووسراوی ساختە چەندین ساڵ پێش ئێستا لەلایەن مامیەوە فرۆشراوە، بەبڕیاری دادگا خانووەكەی لێسەندرابووە.
بەپێی راگەیەنراوەكە سەرلەبەیانی ئەمڕۆ ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لەگەڵ هەردوو لایەنی كێشەكە كۆبووەوە و تیایدا تاوتوێی كێشەی ئەو زەوییە كرا كە خانووەكەی لەسەر دروستكراوە و چەندین ساڵ پێش ئێستا بەبێ ئاگاداریی خاوەنەكەی فرۆشراوە و تاوەكو ئێستا چوار جار كڕین و فرۆشتنی پێوە كراوە.
وەك راگەیەنراوەكە ئاماژەی بۆ كردووە، پارێزگاری هەولێر لەگەڵ خاوەنی زەوییەكە قسەی كردووە و بڕیاریدا ئافرەتەكە بگەڕێتەوە ناو خانووەكەی خۆی و مافی خاوەن زەویەكەش لەلایەن بەشی یاسایی پارێزگای هەولێرەوە بەدواداچوونی بۆ بكرێت و هەموو مافێكی بۆ بگەڕێندرتەوە، ئەو كەسەشی كە دەستی لەو كارەدا هەبووە و بە نووسراوی ساختە ئەو زەویە فرۆشتووە ڕێكاری یاسایی لەبەرامبەردا بگیرێتەبەر.
هەروەها باسل گۆرگیس حەنا، خاوەنی بنەرەتیی زەویەكەش رایگەیاندووە "ئێمە كە كریستیان، هەولێر بە ماڵی خۆمان دەزانین، هەمیشە هەولێر بە ئارامی و پارێزراوی و پێشكەوتوویی بمێنێتەوە. گوتیشی: هەرگیز ئەوە قەبوڵناكەم و رێگە بەخۆم نادەم بەهۆی منەوە ئەوە ئافرەتە بەتەمەن كە وەك خوشكی منە بكەوێتە سەر شەقام وبێ خانوو بمێنێتەوە، من بۆ خۆم دەرگای خانووەكەی بۆ دەكەمەوە و دەیبەمەوە ماڵەكەی خۆی".