سبەی کۆبوونەوەی نێوان ئۆکرانیاو روسیا لەسەر سنور ئەنجام دەدرێت

دوای پێشاندانی رەزامەندی لەلایەن کێڤەوە، بڕیارە سبەی دوو شەممە وەفدی هەردوو لایەنی ئۆکرانی و روسی لەسەر سنوری ئۆکرانیا و بیلاروسیا کۆببنەوە.

بەپێی ئەو هەواڵانەی ئاژانسەکان بڵاویان کردۆتەوە، رەزامەندی ئۆکرانیا دوای ناوبژیوانی سەرۆکی بیلاروسیا ئەلسکەندەر لوکاشنکو دێت، ئەوەش بەو مەرجەی کۆبوونەوەکە لە نزیک چێرنوبڵ لەسەر سنوری نێوان ئۆکرانیا و بیلاروسیا ئەنجام بدرێت.

وتەبێژی کریملن دیمتری بیسکوف رایگەیاند کە کۆبوونەوەی لە ناوچەی گومیل لە بیلاروسیا سازدەکرێت بەبێ پێدانی وردەکاری زیاتر.

هەرچی سەرۆکایەتیی ئۆکرانییە لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئاشکرای کرد کە وەفدەکەیان بەبێ هیچ مەرجێکی پێشوەختە لەگەڵ وەفدی روسی لەسەر سنوری ئۆکرانیا – بیلاروسیا لە ناوچەی نزیک رووباری بریبیات کە نزیکترین شوێنە لە ئۆکرانیاوە کۆدەبێتەوە.

ئەو پەرەسەندانە لە کاتێکدا کە سەرۆکی ئۆکرانیا زیلینسکی رایگەیاند کە زۆر لەسەر ئەو کۆبوونەوەیە هەڵناچنێت.

زیلنیسکی کە لەلێدوانێکی ڤیدیۆیدا دەرکەوت وتیشی" بەدرێژیی لەگەڵ لۆکاشینکۆ سەرۆکی بیلاروسیا قسەی کردەووەو بەڵێنیشی داوە کە رێگا نەدات لە وڵاتەکەیەوە فڕۆکەو کۆپتەرەکانی روسیا هێرشبکەنە سەر ئۆکرانیا".



PM:09:59:27/02/2022