د. دارا محەمەد
ئەم پرسیارانە لەلایەن (جوتیار حەسەن) ەوە کە خۆی وەک هاوڵاتیەکی شاری کەلار ناساند ئاراستەم کرا. کاک جوتیار ئەم پرسیارانەی لە ئەنجامی خوێندنەوەی کتێبی (فرەیی جیهانبینیەکان و خوێندنەوە فەلسەفیە-سیاسیەکان) لا دروستبووە و وەک خوێنەرێکی جیددی بەدووی وەڵامی زیاترەوە بوو. پاش خوێندنەوەی پرسیارەکان، پێموابوو کە ئەمانە پرسیارگەلێکی گەوهەریی و گرنگن کە لە رۆژگاری ئەمڕۆماندا بە گەرمی خوازیاری وەڵام و هەڵوەستەکردنن. لێرەوە گفتوگۆیەکمان سازکرد بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارەکان و ئەمەش دەقی گفتوگۆکەیە.
چۆن بتوانین ئیراده له‌ناو تاكی كورددا بونیاد بنێینه‌وه؟
بێگومان كاتێك قسه له‌سه‌ر ئیراده ده‌كه‌ین، دیاره ئەمڕۆ قسه‌یه‌كی زۆر له‌سه‌ر ئیراده ده‌كرێ، له دنیای سیاسی كوردستاندا به‌تایبه‌تی له نوسینی سیاسی و هه‌روه‌ها له میدیای كوردستاندا قسه‌یه‌كی زۆر له‌سه‌ر ئیراده ده‌كرێ، به‌ڵام كاتێک قسه له‌سه‌ر ئیراده ده‌كه‌ین هەمیشە ئەوە دەوترێت كه خه‌ڵك یان زۆرێك له هێزه‌كان خاوه‌ن ئیراده نین. من پێموایە كۆمه‌ڵێك گرفت و ته‌مومژ له‌م به‌كارهێنانه‌دا هه‌یە کاتێک قسە لەسەر مه‌سه‌له‌ی ئیراده‌ی خه‌ڵك دەکرێت، من پێموانیە خه‌ڵك بێئیراده بێت.
ئه‌مه‌ش له‌وێوه ده‌رده‌كه‌وێ کە له‌ماوه‌ی ٣٠ ساڵی ڕابردوودا، واتا ئەگه‌ر له ڕاپه‌ڕینی ١٩٩١ ەوە باسی بكه‌ین، خه‌ڵك به‌رده‌وام ناڕه‌زایەتی دەربڕیوە و ده‌نگی خۆی به‌رزكردۆته‌وه دژ به‌و ناعه‌داله‌تی و نایه‌كسانی و دیاردە سیاسی و کۆمەڵایەتیە دزێوەکان، چونکە کۆمەڵگە پێیوابووه ده‌سه‌ڵاتی سیاسی كوردستان به جۆرێكی خراپ سیستمی سیاسی بەکاردەهێنێت یان به جۆرێكی خراپ مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ سه‌رتاپای كۆمه‌ڵگه‌دا ده‌كات. له‌به‌ر ئه‌وه ئه‌گه‌ر سه‌یرێكی ئه‌و ڕابردووه بكه‌ین كه له ٩١ وه‌یه، ده‌بینین كه له مێژووی سیاسی كوردستاندا هاوڵاتیانی کوردستان ئیراده‌یه‌كی گه‌وره‌یان پیشانداوه بۆ باشتركردنی دۆخی ژیانیان، واتە چاکترکردنی دۆخی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوریان. هاتنه سه‌ر شه‌قام له‌لایه‌ن خه‌ڵكه‌وه بۆ خۆی جۆرێكه له دەرخستن و کردەیەکی سیاسی کە لە ئەنجامی بوونی ئیراده و بیرکردنەوەیەکی گشتی و رێکخراوەوە دێت كه داوای چاككردن و گۆڕین ده‌كات.
به‌ڵام ئه‌گه‌ر من لێرەدا جیاوازیەک دروستبكه‌م له نێوان ئه‌و قۆناغی بیرکردنەوە و فۆرمی ئیرادەیەی كه له پێش دروستبوونی حوکمڕانی سیاسی كوردییه‌وه هەیە و ئەو دۆخەی پاش گرتنەدەستی حوکمڕانی لەلایەن ده‌سه‌ڵاتی سیاسی كوردیەوە دێتەکایەوە. قۆناغی یەکەم خۆی لەو هەڕەشە وجودیەدا دەبینێتەوە کە کورد وەک تاکەکەس و وەک نەتەوە رووبەڕووی شکاندنی کەرامەت و کوشتن و جینۆساید دەبێتەوە کە لەسەر دەستی رژێمی بەعس دەگاتە لوتکە. واتا ئێمه كاتێك باس له مرۆڤی كورد ئه‌كه‌ین ده‌بینین ئیراده‌ی مرۆڤی كورد له سه‌رده‌مێكدا جیاوازه له ئیراده‌ی له سه‌رده‌مێكی دیکەدا. واتا ئه‌گه‌ر سه‌یری مێژوی بزوتنه‌وه‌ی كوردایه‌تی بكه‌ین، ئه‌وه‌ی كه ناوبراوه به كوردایه‌تی، هه‌ر له‌ناوەڕاستی چله‌كانه‌وه ته‌نانه‌ت هه‌ر له سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیسته‌وه، پاش یەکەم جەنگی جیهانی و دابەشکردنی کوردستان و دروستکردنی دەوڵەتەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دەبینین ئه‌و ئیراده سیاسیەی كه مرۆڤی كورد هه‌یه‌تی ئیرادهیهكه بۆ به‌رگری و بۆ شه‌ڕكردن له‌گه‌ڵ ئه‌و رژێمه سیاسیانه‌ی كه ژێردەستەیکردووە و چهوساندویهتیهوە. واتا له‌وێدا مرۆڤی كورد خاوەنی خەونێک و خەیاڵێکی سیاسیە و ئامانجێكی هه‌یه كه خه‌باتی بۆ ده‌كات، ئیراده‌یه‌كی هه‌یه بۆ خه‌باتكردن و ئاماده‌ی قوربانیدانه، ئاماده‌یه كه بچێته ناو كۆمه‌ڵێك مه‌ترسی گه‌وره‌وه و رووبەڕووی گرتن و ئەشکەنجە و کوشتن بووەتەوە لە پێناوی ئه‌وه‌ی كه بتوانێت دونیا بگۆڕێت. کۆمەڵێک لەو کەس و رۆشنبیرانەی كه به‌شداریان لەم کایە و کردە سیاسیەدا كردووه، لە ژێر کاریگەری ئایدۆلۆژیایەکی وەک مارکسیزمدا بوون کە هەندێکجار ئاوێتەی کوردایەتی و ناسیۆنالیزم بوون و باوەڕیان بە خەباتکردن بۆ رزگاری گەلان هەبووە و کۆمۆنیزم وەک ئایدیاڵێک بۆ رێکخستنی پەیوەندیە کۆمەڵایەتی و چینایەتیەکان بووەتە خەون و بەرنامەی کاری سیاسیان له شه‌ڕكردن دژی سیستمه‌كه‌دا یان له‌گه‌ڵ رژێمه سیاسیه‌كه‌دا. لێرەوە ویست و خەونی ئەم مرۆڤانە تا رادەیەک چووەتە دەرەوەی جوگرافیای خۆیان، کە ئیراده‌یه‌ك بووە بۆ بەشداریکردن لە خەباتی گەلانی ژێردەستەی دیکەدا لە پێناوی ئەوەی کە دنیایه‌كی باشتر بهێنێته كایه‌وه. ئێمه دەبێت ئه‌وه‌مان بیرنه‌چیت کاتێک، بۆ نمونە، له سه‌رده‌می به‌عسدا دەبینین گه‌نجانێكی زۆر له كۆمهلگەی كوردستاندا به جیاوازی چین و توێژه‌كانیه‌وه به ژن و پیاویه‌وه به‌شداری له جۆرێك له شه‌ركردن دژی ئه‌و ڕژێمه دەکات، ئه‌مە بۆ خۆی ئەوەمان پێدەڵێت کە ئەم مرۆڤانە وەک بوونەوەرێکی سیاسی هەڵگری ئیرادەیەکی گەورە بوون نەک هەر بۆمانه‌وه و بەرگریکردن، بەڵکو بۆ گۆڕینی ئه‌و دۆخه‌ی كه تیایدا ژیاون و كۆمه‌ڵگەی کوردستانی تیادا ژیاوه. لێرەدا من نامه‌وێ هەبوونی ئەم ئیراده‌یە لە بۆتەی حیزبه سیاسیه‌كاندا كورتبكه‌مه‌وه، بەڵکو بە پێچەوانەوە، کەسانێکی سەربەخۆش بوونیان هەبووە و بەشێک لەم مرۆڤانە وەک بوونەوەرێکی سیاسی بیریان کردۆتەوە و هەڵسوکەوتیان کردووە، واتە لە دەرەوەی ئینتیمای حیزبی و رێکخراوەییدا وەک کەسانێکی نیشتمانپەروەر و خاوەن ئایدۆلۆژیایەک جەنگاون و خاوەنی دوژمنێکی هاوبەش بوون کە رژێمە سیاسیەکە بووە و ئیرادەیەکی بەرەنگاری و كۆمه‌ڵێك ئامانج و خه‌ونی گه‌وره کۆیکردوونەتەوە.
بەڵام قۆناغی پاش ڕاپه‌ڕین قۆناغێکە کە گۆڕانکاری بەسەر بەشێک لەو خەسڵەت و تایبەتمەندیانەدا دێت کە فۆرمی ئەم ئیرادەیەیان دروستکردبوو، کە بریتین لە بوونی دوژمنێکی هاوبەش و خەونی گۆڕانێکی ریشەیی. لەم قۆناغەدا ئەم هەڕەشە وجودیە تا رادەیەک کەمدەکات و لە پاش روخانی سەدامەوە چیتر ئەم هەڕەشەیە بە پلەی یەکەم دەرناکەوێت. دیارە له سه‌ره‌تای نه‌وه‌ده‌كانه‌وه ئه‌م ئیراده‌یه هێشتا به‌و كهف و كوڵ و حه‌ماسه‌ته گهورەیەوه توانیویه‌تی بمێنێته‌وه و کار بكات. بۆچی؟ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی پێیوابووه كه گۆڕانێك دروست بووه و نه‌مانی ڕژێمی به‌عس له كوردستاندا و هاتنی ده‌سه‌ڵاتێكی ناوخۆیی كوردی بۆ سه‌ر سەکۆی حوكمڕانی ده‌بێته هۆی گۆڕانێكی باش و دروستبوونی ئه‌و واقیعه‌ی كه خه‌ونی پێوه بینیوه. گومانم نیە کە لەلای کەسانێکی زۆر و بەشێکی کۆمەڵگەی ئێمە و گەنجەکانمان ئه‌م ئیراده‌یه توانیویه‌تی به‌رده‌وامی به وزەی خۆی بدات و هێشتا ئامادەیە بۆ به‌رەنگاربوونەوەی دەسەڵات لە پێناوی بەدیهێنانی دنیایه‌كی باشتردا. به‌ڵام ئه‌وه‌ی وادەکات وەرچەرخانێک رووبدات و گرفتی گه‌وره دروست بكات بریتیە له له‌كه‌دار بوون و شكانی ئه‌م ئیراده‌یه لە ئەنجامی زاڵبوونی کولتورێکی حیزبگەرایەتی و پاوانخوازیی بۆ دەسەڵات و بردنی سامانی وڵات بۆ گیرفانی تایبەتی و کردنی نیشتمان بە شوێنێک بۆ سەپاندنی هەژموونی سیاسی ده‌سه‌ڵاتی یه‌كێتی و پارتی، کە یەکێک لە وێنە ناشرینەکانی حوکمڕانیان نیشانی خەڵکی کوردستان دا. ئه‌مە دۆخێکی هێنایەکایەوە لە سەرەتادا کە ئیرادەیەکی جەماوەریی یەکگرتوو دروستنەبێت و ئەو کولتورە حیزبگەراییەی خۆی بەسەر سەرجەمی کۆمەڵگەدا سەپاندبوو، بووە هۆی په‌رتبوون و دابەشبوونی کۆمەڵگە بەسەر ئینتیمای حیزبی‌دا و دواتر ئەو ئیرادەیەی لە لای تاکی کورد بۆ بەرەنگاربوونەوەی ستەمی رژێمی بەعس هەیبووە، دابەشدەبێت و چەند فۆرمێکی جیاواز وەردەگرێت.
لە پێش راپەڕیندا تەنانەت ئه‌گه‌ر کەسەکان سەر بە رەوتی جیاواز و ئینتیمایان بۆ حزبی جیاوازیش هەبوایە، به‌ڵام ئامانج و پرۆژەیەکی هاوبەش كۆی كردونه‌ته‌وه ئەویش خه‌ونی ئازادبوونی كوردستان له ژێر ده‌سته‌یی و فاشیزمی بەعس بووە. به‌ڵام كاتێك ده‌سه‌ڵاتی كوردی دێته کایەوە، کۆمەڵگە بە گشتی لە چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌دا بووە كه له دۆخێكی باشتردا بژی بە تایبەتی لەسەر ئاستی یەکسانی ئابوریی و ئازادیە سیاسیەکاندا و لە چاوەڕوانی حوکمڕانیەکی وەهادا بوون کە دوو دنیای تەواو جیاواز لە نێوان نوخبەی دەسەڵاتدار و کۆمەڵگەدا دروستنەکات، کە بگاتە ئەو رادەیەی ئەم چینە دەسەڵاتدارە خۆیان دەبنە چینە دەوڵەمەند و سەرمایەدارە گەورەکانی کوردستان و نقومی گەندەڵیەکی تەواو کوشندە دەبن و کەلێنێکی گەورە لە نێوان خۆیان و کۆمەڵگەدا دروستدەکەن. بێگومان بە هەمان ئەندازە مرۆڤی کورد لە چاوەڕوانی ئەوەدا بووە خاوەنی ماف و ئازادیە سیاسی و تاکەکەسیەکان بێت و روبەڕووی لێدان و گرتن و کوشتن نەبێتەوە لەسەر رەخنەگرتن و قسەکردن و نارەزایەتی دەربڕین، کە هەر داواکردنی ئەم مافانە بووە لە سەردەمی بەعسدا سزای گەورەی بە دوای خۆیدا هێناوە. بەڵام شۆکە گەورەکە ئەوەیە کاتێک دەسەڵاتی کوردی شوێنی خۆی قایمدەکات، ئیتر نمونەیەکی دیکەی بەعسیزم بەرهەمدەهێنێتەوە. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا ئیرادەیەکی بەهێز لای خەڵک هەیە بۆ گۆڕینی ئەم دۆخەی ئێستا. ئەگەر قسە لەسەر نەبوونی ئیراده دەکرێت بۆ گۆڕین و لابردنی ئەم سیستمەی ئێستا هەیە، ئەوا پێموایە ئەمە پتر پەیوەندی بە پەرتبوونی ئەم ئیرادەیەوە هەیە بەسەر گروپ و هێزی سیاسی جیاوازدا و تا رادەیەکی گەورە باوەڕ بە خۆبوون نەهێڵراوە.
کەواتە ئەگەر بێمە سەر پرسیارەکەت سه‌باره‌ت به‌وه‌ی چۆن بتوانین ئه‌م ئیراده‌یه دروستبكهینهوه، له ڕاستیدا ئه‌م ئیراده‌ی به‌ره‌نگارییه بوونی هه‌یه و لهناونەچووە. هه‌ر وه‌ك سه‌ره‌تا ئاماژه‌م پێدا، لە کوردستاندا کۆمەڵێک خۆپیشاندانی زۆر روویداوە هه‌ر له‌سه‌ره‌تای هه‌ڵگیرسانی شه‌ڕی ناوخۆوە له ساڵی ١٩٩٤ دا. خه‌ڵكێكی زۆر ناڕازیبوو به‌رامبه‌ر به‌م دۆخی شه‌ڕە و ناڕەزایەتی کۆمەڵگەی بەدوای خۆیدا هێناوە. خه‌ڵك ئاماده‌بوو بێته سه‌ر شەقام و دژ به‌م شه‌ڕی ناوخۆیه ئاماده‌یی نیشان داوه ناره‌زایه‌تی ده‌رببڕێت له‌ڕێگه‌ی نوسین و رەخنەگرتنەوە بووبێت یان چالاکی راستەوخۆ و هاتنه سه‌ر شه‌قامه‌كانه‌وه بووبێت و لێرەشەوە ناڕەزایەتیەکان بەردەوامی هەبووە و دەیان خۆپیشاندان کراوە هەر لە نەوەتەکانەوە تا دەگاتە ١٧ ی شوبات و تا ئێستاش بەردەوامە.
ئه‌م ئیراده‌ی به‌ره‌نگاریی و بەرخۆدانە تا راده‌یه‌كی گەورە بوونی هه‌یه لەناو كۆمه‌ڵگەدا و ئێستا له دۆخێكدایه به‌ته‌واوی ناڕازییه له‌وه‌ی كه هه‌یه. چونكه پاش 30 ساڵ له حكومڕانی ده‌سه‌ڵاتی كوردی، خه‌ڵك پێیوایه له دۆخێكی خراپی ئازادییه‌كاندا ده‌ژی. ئه‌م ده‌سه‌ڵاته كوردییه نه‌یتوانیوه له‌ماوه‌ی 30 ساڵی تەمەنی خۆیدا ده‌سه‌ڵاتێكی وا بهێنێتەکایەوە کە لانی کەمی بنەماکانی دادپەروەیەکی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابوریی بنیات‌بنێت. ئێمه ده‌بینین له ٢٠٢١ دا توێژە جیاجیاکانی کۆمەڵگە خۆپیشاندان دەکەن له‌به‌ر نەبوونی كاره‌با و ئاو و کار و موچە، واتە پاش ئه‌و هه‌موو ساڵه خه‌ڵك هێشتا داوای سهرەتایترین خزمه‌تگوزارییه‌كان ده‌كات. هەروەها کاتێک خوێندکاران دەڕژێنە سەر شەقامەکان هەر بۆ داواکردنی مافەکانی خۆیان نیە، بەڵکو بۆ دەرکردنی دەستی حیزب لەناو زانکۆکان و گەڕاندنەوەی شکۆی خوێندن و مەعریفەیە بۆ زانکۆکان، ئەمە بۆ خۆی ئاماژەیەکی گرنگە بۆ هۆشیاری خوێندکاران و گەنجان سەبارەت بە ئەنجامدانی ئەم کردە سیاسیە. هەر لێرەوە پێموایە زۆرینەی تاکەکەسەکانی ناو کۆمەڵگە خاوەنی ئیرادەیەکی بەرەنگاریی ناڕازین به‌ڵام ئەمەش پێویستی به میتۆد و رێگای جیاواز هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی بتوانرێت ئه‌و دۆخه به‌ره‌و گۆڕین ببرێت.
دەبێت ئەوە بزانین کە گۆڕانکاری لەسەر ئاستی سیاسی و کۆمەڵایەتی پەیوەندی بە کۆمەڵێک فاکتەرەوە هەیە و بە تەنها لە ئیرادەی مرۆڤەکاندا کورتناکرێتەوە. بێگومان ئیرادەی تاکەکەسەکان یەکێکە لە رەگەزە گرنگەکانی هەر گۆڕانکاریەک، بەڵام کۆمەڵێک رەگەز و رەهەندی دیکەش هەن کە پێکەوە بنەماکانی ئەم پرۆسەی گۆڕانکاریە پێکدەهێنن، وەکو ویست و ئامادەگی و هوشیاری تاکەکەسەکان بۆ ئەنجامدانی کردەی سیاسی لەسەرەخۆ و درێژخایەن و بوونی دنیابینی و پرۆژەیەکی رادیکاڵ و رێکخراوەیبوون و هەروەها ئامادەبوونی دۆخێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی ناجێگیر کە دەبێتەهۆی توندکردنەوەی ململانێکان.
لەم لینکەوە تەواوی چاوپێکەوتنەکە بخوێنەرەوە..