ژمارەیەک لە خوێندکارانی کورد لە ئۆکرانیا داوای بەهاناچوون دەکەن

خوێندکارێکی کورد لە ئۆکرانیا لەبارەی دۆخی هاووڵاتیانی کورد و خوێندکارە کوردەکان لە ئۆکرانیا دەدوێت و داوای بەهاناچوون دەکات.

ئارا حاجی عەبدوڵا خوێندکارێکی کوردە لە ئۆکرانیا و بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند" دۆخی هاووڵاتیانی کورد و عێراقی و خوێندکارەکان، دۆخی خودی ئۆکرانیـیەکان و ئەجنەبیـیەکان لە دۆخێکی خراپدان، چونکە گرژی و ئاڵۆزییەکی زۆر هەیە، سوپای ئۆکرانیا شەڕی پارتیزانی دەکات زیاتر لە سێ هەزارو ٥٠٠ سەربازی ڕووسی کوشتووە، جگە لە زیانەکان بە فڕۆکە و تانکەکانیان، حاڵی خوێندکارە کوردەکانی ئۆکرانیاش خراپە چونکە ئەوەی توانیویەتی ڕۆیشتووە بەرەو سنوورەکان یان پەڕیوەتەوە وڵاتانی تر، من ئێستا لە سنووری پۆڵەنداوە قسەتان لەگەڵ دەکەم سەرمایەکی زۆر بەهێز هەیە". 

ئارا کە خوێندکارێکی کوردە لە ئۆکرانیا و بۆ ماستەر دەخوێنێت، ئاماژەی بەوەشكردوە" لە ڕێگان لە سنوری پۆڵندا هێڵەکانی پەیوەندیکردن زۆر خراپن، هەروەها حکومەتی عێراقی و حکومەتی هەرێم لە گەنجەکانی خۆمان بێزارن دەیانەوێت لە ئاوی ئیجەدا بخنکێن، چاوەڕێی ئەوە نین ئەوانەی هاتون بۆ ئۆکرانیا زانست فێربن و بڕوانامەی بەرز بەدەست بهێنن هەتا هیچمان بۆ بکەن، هیچ هیچییان نەکردوە بۆمان". 

ئەوەشی خستەڕوو، لێرە ژیان ئاسایی بوو، دەوام هەبوو ڕۆژێک پێش هەڵگیرسانی جەنگەکە زانکۆکان هەبوون ، ژیان ئاسایی بوو، ئەو دەنگۆیانەی هەڵگیرسانی جەنگیش وەک پڕوپاگەندەیەک سەیر دەکران کە بەردەوام ئەو گرفتە لە نێوان ڕوسیا و ئۆکرانیا هەبووە، ئەوەی پێشتر فریا کەتووە بە ڕێگای فڕۆکە گەڕاوەتەوە، ئەوەشی فریا نەکەوتووە ئیتر دەسەڵات نیـیە، هەروەها ئەوەندەی تا ئێستا ئاگاداربم خوێندکارێکی کورد مردووە، خوێندکارێکی تریش قاچی لەدەستداوە کە هەردووکیان کوردی خۆمانن.

ئارا حاجی باسی لە دۆخ و گوزەرانیان کرد لە ڕووی خۆراکەوە وتی" لێرە کۆمەڵێک ڕێکخراوی خێرخوازی هەن کە خۆراک دەهێنن بۆ خەڵکەکە، وە خەڵکی گوندەکانیش هەر خۆراک دەهێنن، سندوقێک دانراوە بۆ کۆکردنەوەی هاوکاری ماددی بۆ سەربازانی ئۆکرانی بەو شێوەیە خوێندکارانی کورد دەتوانن خۆراک پەیدا بکەن یان شتێکی کەمی لەگەڵ خۆی هێنابێت یاخود کڕیبێت لەوە زیاتر نیـیە". 

سەبارەت بەوەی ئایا لە ئێستادا هیچ لە حکومەتی عێراق و هەرێم پەیوەندییان پێوە کردون، ئەو خوێندکارە کوردە باسی لەوەکرد، لە سەرەتای گرژییەکان د. دانەر نوێنەری حکومەتی هەرێم پەیوەندی پێوە کردین، هەندێک بەرچاو ڕونی پێداین تەنها ئەوەندە بووە هەتا شەڕەکە دەستپێکرد هیچ لایەنێکی تر پەیوەندی بە ئێمەوە نەکردوە تەنانەت چەند خوێندکارێک پەیوەندییان بە باڵیۆزخانەی عێراقیەوە کردوە هەر کوردەکانی خۆمان بەو دەقە جوابیان داونەتەوە کە (لە سوچێک خۆتان بشارنەوە هیچمان پێناکرێت) ئەوە وەڵامی باڵیۆزخانەی عێراقی بوە بۆ کوردانی ئۆکرانیا. 


AM:09:11:28/02/2022