ئەم ڤیتانینانە سودیان بۆ پێست هەیە

بەمەبەستی بونی پێستێكی تەندروست و دواكەوتنی نیشانەكانی پیربوون، پسپۆڕانی خۆراكی ئامۆژگاری هاوڵاتیان دەكەن بە خواردنی ئەو خۆراكانەی دەوڵەمەندن بە چەند جۆرێكی ڤیتامین و ماددەی خۆراكی.
بەڕای پسپۆڕەكان ڤیتامین سی یەكێكە لەو ڤیتامینانەی سودێكی زۆر بە پێست دەگەیەنێت و بەشێوەیەكی جوانتر دەریدەخات، گرنگترین ئەو ئەو خۆراكانەش كە دەوڵەمەندن بەم ڤیتامینە و سود بە پێست دەگەیەنن، بریتین لە بیبەری ڕەنگاو ڕەنگ و بروكلی و میوەی شیلك و هەرمێ، هەروەها مزرمەنیەكانی وەك پرتەقاڵ و لیمۆ و ئەنەناس.
ڤیتامین ئی یەكێكی دیكەیە لەو ڤیتامینانەی پێست دەپارێزێت لە تیشكی خۆر و ژینگەی پیسبوو،ئەم ڤیتامینە كاتێكش لەگەڵ ڤیتامین سی یەكدەگرن وەك دژە ئۆكسیدێك كاردەكەن بۆ پاراستنی خانەكانی پێست.
گرنگترین ئەو خۆراكانەی دەوڵەمەندن بە ڤیتامین ئی بریتین لە گەنم و چەرەساتەكان هەروەها ئاڤەكادۆ.
جگە لە ڤیتامینەكان ترشە چەوری ئۆمیگا سێش سودێكی زۆر بە پێست دەگەیەنێت و نەرمی و شێداری پێدەبەخشێت، ئەو خۆراكانەش كە دەوڵەمەندن بە ئۆمیگا سێ بریتین لە ماسییە كەم چەوریەكانی وەك سەلەمون و سەردین، هەروەها بە بڕێكی زۆریش لە پێكهاتەی گوێزدا بونی هەیە.
ماددەی پۆلفینۆلیش كە لە چای سەوزدا هەیە، جگە لەوەی پێست جوان دەكات و لە كاریگەریەكانی تیشكی خۆر دەیپارێزێت، ئەگەری توشبونیش بە شێرپەنجەی پێست كەمدەكاتەوە.
یەكێكی دیكە لە گرنگترین شلەمەنیەكان بۆ پێست ئاوە، كە دەبێتە هۆی شێدار كردنی پێست و نەرم هێشتنەوەی ئەمەش پێست بە شێوەیەكی جوانتر دەردەخات، هەروەها ئەگەرەكانی زوو دەركەوتنی نیشانەكانی پیربوون دوادەخات.



PM:02:31:21/07/2014