نەتەوەیەکگرتووەکان داوای دەستبەجێ راوەستانی بێ مەرجی شەڕ لە روسیا دەکات

لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ، چوار شەممەدا کە تایبەت بوو بە گفتوگۆکردن لەبارەی لەشکرکێشی روسیاوە لەسەر ئۆکرانیا، کۆمەڵەی نەتەوەیەکگرتووەکان لە کۆی ١٩٣ لە نوێنەرانی وڵات ١٤١ دەنگ داوایان لە رووسیا کرد کە دەستبەجێ شەڕ راگرێت.

لەو کۆبوونەوەیەدا کە ١٤١ وڵات دژی لەشکركێشی روسیا بوون، تەنها ٥ وڵات لەگەڵ روسیادا بوون و ٣٥ وڵاتیش دەنگیان نەدا.

بڕیارەکە کە دوو رۆژە گفتوگۆی لەسەر دەکرێت و دوای بڕیاردان لەسەری بە چەپڵەڕێزان پێشوازی لێکرا، داوا لە روسیا دەکات دەستبەجێ و بەبێ مەرج شەڕ راگرێت و هێزەکانی لە ئۆکرانیا بکشێنێتەوە".

هەروەها نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیاری ئامادەباشی چەکی ئەتۆمی روسیا مەحکوم کرا.

نوێنەری ئەمەریکا لە کۆبوونەوەکەدا لیندا تۆماس شەڕی وەحشیگەرانی روسیای لە ئۆکرانیادا مەحکوم کرد.

نوێنەری روسیا لە نەتەوەیەکگرتووەکان، ڤاسیکی نیبینزیا، رایگەیاند" ئەو بڕیارەی نەتەوەیەکگرتووەکان کە مۆسکۆ مەحکوم دەکات، دەبێتە مایەی هەڵکشانی زیاتری ناکۆکیەکان".

ئەوە لە کاتێکدا کە روسیا خۆی ئامادە دەکات بۆ خولێکی دانیشتنی تر رۆژی پێج شەممە لەگەڵ نوێنەرانی حکومەتی ئۆکرانیا لە بیلاروسیا. 



PM:10:22:02/03/2022