یەکێتی لەبارەی پۆستی سەرۆک کۆمار و گۆڕینی کاندیدەکەی هەڵوێستی فەرمی خۆی ڕاگەیاند

سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت" ئەگەر لە کۆبوونەوەی سبەینێی پەرلەماندا دووبارە دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار بکرێتتەوە یەکێتی کاندیدەکەی بۆ ئەو پۆستە ناگۆڕێت". 

هەرێم كەمال ئاغا، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی نیشتمانی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ لە لێدوانێکدا بە میدیای فەرمی حزبەکەی راگەیاند" بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی پرسی كردنەوەی دەرگای خۆپاڵاتن بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراقی خستوەتەوە بەردەم پەرلەمانتاران، نەك دەستەی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی نوێنەران". 

ئەوەشی خستەڕوو، ئێمە پێشتر ڕێككەوتنمان بۆ دیاریكردنی كاندید لەگەڵ لایەنەكان نەبووە، لە دانوستانەكانمان لەگەڵ پارتی لەسەر ئەو بابەتە گەیشتینە بنبەست، بۆیە یەكێتی هیچ بڕیارێكی نییە بۆ گۆڕینی كاندیدەكەی و ئەو بابەتە لای ئێمە جێگیرە. 

سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی باسی لەوەشکرد، كردنەوەی دەرگای خۆپاڵاوتن، یاخود ڕاگرتنی، لای یەكێتی وەك یەكە و هیچ بڕیارێك نییە كە كاندیدی دیكە پێشكەش بكەین. 


PM:01:02:04/03/2022