نرخی ئارد و رۆنی زەیت بۆ دوو هێندە بەرز بوونەوە


لەشارەكانی هەرێمی كوردستان نرخی ئارد و رۆنی زەیت بەرێژەیەكی بەرچاو بەرزبوونەوە كە دەگاتە دوو هێندەی نرخی پێشوویان.

بەپێی بەدواداچوونی پەیامنێرانی (سپی) لە شارەكانی كوردستان نرخی هەریەكە لە ئارد و زەیت لە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستان بەشێوەیەكی بەرچاو بەرز بووەوە بەجۆرێك نرخی فەردەیەك ئارد لە ٣٠ هەزار دینارەوە گەیشتۆتە نزیك بە ٥٠ هەزار دینار، نرخی زەیتی گوڵەبەڕۆژە و گەنمەشامیش لیترێكی لە ٢ هەزار و ٥٠٠ دینارەوە گەیشتۆتە ٥ هەزار دینار.

هەروەها بەرزبوونەوەی ئەم دوو ماددە خۆراكییە سەرەكییەی هاوڵاتیان لەكاتێكدایە كە حكومەتی هەرێم تائێستا مووچەی مانگی رابردووی دابەش نەكردووە و بەشێك لە فەرمانگەكانی سلێمانیش دەستیان بە بایكۆتكردنی دەوام كردووە.

لەلایەكی دیكەوە، مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق سەرپەرشتی كۆبوونەوەیەكی بەپەلەی ئەنجومەنی وەزیرانی كرد و داوایكرد بەشی پێداویستی ناوخۆی عێراق لە ئارد و زەیت خەزن بكرێت تا ڕێگە لە بەرزبوونەوەی زیاتری نرخەكان بگیرێت.

بەوتەی بەشێك لە بازرگان و كۆمپانیاكان، شەڕی نێوان روسیا و ئۆكرانیا  بیانوی بەرزكردنەوەی نرخی پێداویستییە خۆراكییەكانی ڕۆژانەی خەڵكە كە ماوەی زیاترە لە 10 رۆژە بەردەوامە.




PM:08:57:06/03/2022