وەڵامی کۆمسیۆن بۆ پەرلەمان ئاشکرا کرا

کۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى هەرێم لەبارەى هەڵبژاردنەوە وەڵامى پەرلەمانى کوردستانى دایەوە و داوا دەکات تا سەرەتاى مانگى داهاتوو چارەنوسی یەکلایی بکرێتەوە، پێش ئەوەى ئامادەکاریی بۆ بەڕێوەچوونى هەڵبژاردن دەستپێبکات


ئەمڕۆ ٧ی ئادار دووشەممە، شیروان زرار وتەبێژى کۆمسیۆن باسی لەوەکرد، تا ئێستا سێ جار نوسراویان ئاڕاستەى پەرلەمان کردووە کە گرفتى تایبەت بەتەواوبوونى وادەى یاسایی کۆمسیۆن یەکلای بکاتەوە، کە کۆتا دانەیان لەهەفتەى رابردوودا بووە،  دەشڵێت "لەنوسراوەکەدا داواى چارەسەرى ئەو گرفتە کراوە تا سەرەتاى مانگى داهاتوو، نەک ئەوەى کۆمسیۆن نەتوانێت هەڵبژاردن لەوادەى خۆیدا بەڕێوەببات". 

شیروان زرار باسى لەوەشکرد، ئەگەر پەرلەمان تا ئەو کاتە ئەو گرفتە چارەسەر نەکات، ئەنجومەنى کۆمسیاران بڕیارى دیکە دەدات، بەبێ ئەوەى هیچ روونکردنەوەیەکى زیاتر لەو بارەیەوە بخاتەڕوو، هەروەها دەڵێت " ئەگەر لایەنەکان بیانەوێت هەڵبژاردن لەوادەى خۆى بەڕێوەبچێت، پێویستە لەپەرلەمانەوە ئەو کێشەیە چارەسەر بکەن و هێشتا کات لەبەردەستدا ماوە"

ئەمەش لەکاتێکدایە ١-١٠-٢٠٢٢ دیاری کراوە کە تێیدا هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان ئەنجام بدرێت، بەڵام بەهۆى تەواوبوونى وادەى یاسایی کۆمسیۆنى هەڵبژاردنەوە دیار نییە لەو کاتەدا هەڵبژاردن بەڕێوەدەچێت یاخود نا.  



PM:02:17:07/03/2022