پۆلیسی هەولێر لەبارەی کوژرانی گەنجێک ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە

پۆلیسی پارێزگای هەولێر روونکردنەوەیەکی لەبارەی کوژرانی گەنجێک لەسەر شەقامی (١٥٠) مەتری شاری هەولێر بڵاوکردەوە و دەڵێت" کوژراوەکە هەوڵی داوە دەسترێژی بکاتە سەر ژنێک". 

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر لە ڕوونکردنەوەکەدا ئاماژەی بەوەکردووە" رۆژی یەکشەممەی ڕابردوو بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر ئاگادارکرایەوە بە بوونی رووداوێکی کوشتن لە شەقامی (١٥٠) مەتری نزیک بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆ و بانکی منارە، دوای گەیشتنی هێزەکانی پۆلیس بۆ شوێنی رووداو بۆ ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەرکەوت کەوا کەسێک بەناوی (سادق عەبدولخالق جەمال) کوژراوە لەناو ئۆتۆمبێلێکی جۆری هۆندای ئەکسێنت، هەروەها هاولاتییەکی ژنی لەگەڵ بووە بەناوی (ا.ا.م)".

ئەوەش هاتووە" پاش ئەنجامدانی لێکۆلینەوە سەرەتاییەکان دەرکەوت کەوا کوژراو هەوڵی دەستدرێژی داوە بۆ سەر کچەکە و ئەویش داوای یارمەتی و بەهاناوەچوونی کردووە، دواتر پاسەوانەکانی بانکی منارە کە سەر بە هێزەکانی زێرەڤانین گەیشتوونەتە لای ئۆتۆمبێلەکە بۆ بە هاناوەچوونی کچەکە، بەڵام شوفێرەکە ویستویەتی رابکات لە ئەنجامدا تەقەکراوە و بۆتە هۆی گیان لەدەستدانی شۆفێرەکە".

ئەوەشخراوەتەڕوو، هەردوو تۆمەتبار خۆیان رادەستی بەرێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر کرد و تۆمەتباران و کچەکەش لەلای هێزەكانى پۆلیس لە ژێر لێکۆلینەوەن و راگيراون به بڕیارى دادوەرى لێكولينەوه بهپێی ماددەى (٤٠٥) له ياساى سزادانی عیراقی. 


PM:01:51:08/03/2022