ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران کۆبوونەوە

ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران بە ئامادەبوونی کەسی یەکەمی هەر چوار لایەنی پێکهێنەری ناوەند بە میوانداریی حیزبی دیموکراتی کوردستان بەرپرسی دەورەیی ناوەند، کۆبوونەوە، لە کۆبوونەوەکەدا ئاماژە بەوەکرا" حکوومەت سەرەڕای ئەو قەیرانگەلە وازی لە سەرکوتی خەڵک نەهێناوە، لە بەرانبەریشدا ناڕەزایەتی و کۆبوونەوە ناڕەزایەتیەکانی خەڵک ڕوو بە حکوومەت و دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی ڕۆژ بە ڕۆژ لە پەرەسەندن و زیادبووندایە". 

دەقی ڕاگەیەندراوەکە: 

کۆبوونەوەی ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران

ڕۆژی دووشەممە ١٦ی ڕەشەمەی ١٤٠٠ی هەتاوی بەرانبەر بە ٧ی مارسی ٢٠٢٢ی زایینی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بە ئامادەبوونی کەسی یەکەمی هەر چوار لایەنی پێکهێنەری ناوەند بە میوانداریی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەرپرسی دەورەیی ناوەند، کۆبوونەوە.

سەرەتا کاک خالید عەزیزی سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان وێڕای بەخێرهێنانی بەشدارانی کۆبوونەوەکە، باسەکەی کردەوە.

کاک خالید باسێکی سیاسی بە هەڵسەنگاندنی بارودۆخی ئێستای ئێران و کوردستان دەست پێکرد. بەڕێزیان بە ئاماژە بە قەیرانە سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتیەکانی ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی وتی، حکوومەت سەرەڕای ئەو قەیرانگەلە کە هەر خۆیان واتە دەسەڵات خولقێنەری قەیرانەکانن وازی لە سەرکوتی خەڵک نەهێناوە ، لە بەرانبەریشدا ناڕەزایەتی و کۆبوونەوە ناڕەزایەتیەکانی خەڵک ڕوو بە حکوومەت و دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی ڕۆژلەگەڵ ڕۆژ لە پەرەسەندن و زیادبووندایە. بەڵام ئەوەی یارمەتیی بە مانەوەی ڕژیم داوە ئەوەیە کە تا ئێستا ئالترناتیڤ لە نێو ئۆپۆزیسیۆندا دروست نەبووە. بەڕێزیان دواتر هاتە سەر باسی کوردستان و وتی، بە خۆشییەوە لە کوردستان بارودۆخ لە ناوەند و باقی شوێنەکانی دیکەی ئێران باشترە، چونکە کوردستان خاوەنی پاشخانێکی سیاسی و خەباتگێڕییە و خاوەنی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە کە ئێستاش لە مەیدانی خەباتدان و ڕۆژانە ڕاستەوخۆ لە گەڵ خەڵکی کوردستاندا لە پێوەندیدان. ناوبراو بە ئاماژە بە جموجووڵە مەدەنی و فەرهەنگیەکانی کوردستان ، وێڕای بەرز نرخاندنی ئەو چالاکییانە، داوای بەردەوامی و هیوای سەرکەوتنی زیاتری بۆ بەئاوات خواستن. کاک خالید بە ئیشارە بە هەوڵەکانی وڵاتانی ٥+١ لەگەڵ ئێران بۆ ڕێکەوتنی بەرجام وتی، خەباتی ئێمە بۆ وەدەست هێنانی مافەکانی گەلەکەمان پێش کێشەی ئێران و ئەمریکا و ڕۆژاوایە، بۆیە ئێمە لە هەر ئەگەرێکدا درێژە بە خەباتی خۆمان دەدەین و بەرجام هیچ کاریگەرییەکی لەسەر خەباتی ئێمە بۆ وەدەستهێنانی مافەکانی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان نابێ.

کاک مستەفا هیجری لێپرسراوی گشتی حدکا وکاک عەبدوڵای موهتەدی سکرتێری گشتیی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران و کاک ڕەزا کەعبی جێگری سکرتێری کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان وێڕای بەشدارییان لە باسەکە بیروڕای خۆیان لە سەر بابەتەکانی کۆبوونەوەکە خستە ڕوو. بەشداران لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا وێڕای هێنانە بەرباسی شەڕی نێوان ڕووسیە و ئۆکراین کە ئێستا هەموو جیهانی بە خۆیەوە سەرقاڵ کردووە و بۆتە گرفتێکی گەورە و هەڕەشە لە ئاشتیی نێودەوڵەتی دەکا، هەموان لە سەر ئەوە هاودەنگ بوون کە رێگای چارە سەری کێشە و ناکۆکییەکان ، دیالۆگ و لێکتێگەشتنەوە، نەک هێرش و وێرانکاری ، بۆیە هیوایان خواست کە کێشەی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا بە دانیشتن و ڕێکاری سیاسی و دیپلۆماسی چارەسەر بکرێ و خەڵکی ئۆکراین لەوە زیاتر تووشی ماڵوێرانی و کوشتن و کۆچی بە ناچاری نەبن و ئاوری شەڕ لەوە زیاتر پەرە نەستێنێ.

لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا کۆمەڵێک باس و بابەتی دیکەی پێوەندیدار بە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و کاروباری ناوەندی هاوکاری هاتە بەرباس کە لە لایەن بەشدارانەوە قسەیان لە سەر کرا و بڕیاری پێویستیان لە سەر درا


PM:05:19:08/03/2022