پەرلەمانتارێكی پارتی: 22 ملیار و 900 ملیۆن بۆ مووچەی سلێمانی نێردراوە


پەرلەمانتارێكی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان رایدەگەیەنێت "ئەم بەیانییە 22 ملیار و 900 ملیۆن دینار بۆ مووچەی كارمەندانی تەندروستی رەوانەی شاری سلێمانی كراوە، بەڵام نازانرێت بۆچی پارە لە بانكدا نییە".

لیزا فەلەكەدین، پەرلەمانتاری لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان رایگەیاندووە "بەپێی بەدواچوونەكانم هەر ئەم بەیانییە بڕی 22 ملیار و 900 ملیۆن دینار لە داهاتی نەوت بۆ پارێزگای سلێمانی و دەوروبەری نێدراوە بە مەبەستی دابەشكردنی مووچەی كارمەندانی وەزارتی تەندروستی لەو سنورە، بەڵام نازانرێت بۆچی تا ئێستا بانكەكانی سلێمانی بەبیانووی نەبوونی سیولە لە بانكەكان موچە دابەش ناكەن؟!".

ناوبراو وتویەتی "ئایا بۆ ئەوەیە هاوڵاتیان خۆپیشاندان بكەن و ناڕەزایی دژی حكومەت دەرببڕن؟ یان ئەمەش پیلانێكی دیكەی سزادانی خەڵكی سلێمانیە لە لایەن كاربەدەستانی ئەو  شارەوە؟".

بڕیارە ئەمڕۆ مووچەی مانگی رابردووی وەزارەتی تەندروستی دابەش بكرێت، بەڵام بەپێی زانیارییەكانی (سپی) كە لە چەند فەرمانبەرێكی تەندروستی سلێمانییەوە دەستی كەوتوون، تا پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆش مووچەی تەندروستی دابەش نەكرابوو و لە بانكەكان وتبوویان "بانك پارەی تێدا نییە و دەبێت تا دوای نیوەڕۆ چاوەڕوان بن".

لە شاری سلێمانی بۆ دابەشكردنی مووچەی مانگی 1ی ئەمساڵ، هەمان گرفتی نەبوونی پارە لە بانكەكان دووبارە بۆوە.



PM:01:02:10/03/2022