روسیا و ئۆكرانیا لەسەر خاڵێك رێككەوتن


كۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی رووسیا و ئۆكرانیا لە ئەنتاڵیای توركیا كۆتاییهات، وەزیری دەرەوەی ئۆكرانا رایگەیاند "هیچ رێككەوتنێكیان لەبارەی ئاگربەستەوە نەكردووە و خۆیان بەدەستەوە نادەن، بەڵام رێككەوتوون لەگەڵ رووسیا كار لەسەر پرسی هاوكاریی مرۆیی بكەن".
 
ئەمڕۆ لە شاری ئەنتاڵیای توركیا، وەزیرانی دەرەوەی روسیا و ئۆكرانیا بەئامادەبوونی وەزیری دەرەوەی توركیا كۆبوونەوە، دواتر سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا و دیمیترۆ كولێبا، وەزیری دەرەوەی ئۆكراینا كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانییان سازكرد.

وەزیری دەرەوەی ئۆكرانیا رایگەیاند "لەگەڵ رووسیا رێككەوتوون كە بەردەوامبن لە هەوڵەكانیان بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێك بۆ پرسی هاوكاریی مرۆیی لە ئۆكرانیا".

ناوبراو ئامادەیی خۆیی دەربڕی كە دووبارە لەگەڵ لایەنی رووسی كۆببێتەوە ئەگەر گفتوگۆی جیددی لەسەر دۆزینەوەی رێگەچارە و چارەسەری دۆخەكە بكرێت.


هەروەها سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا رایگەیاند "ڤلادیمیر پووتین، سەرۆكی رووسیا رەتی ناكاتەوە كە لەگەڵ ڤۆلۆدیمیر زێلێنسكی، سەرۆكی ئۆكرانیا كۆببێتەوە، بەڵام هەندێك ئامادەكاری هەن كە دەبێت تەواوبكرێن".





PM:01:33:10/03/2022