ئەمەریكا: دەبێت ئەوەی پێی دەوترێت "كوشتن لەسەر شەرەف" ئەنجامدەرانیان بەرپرسیار بكرێن

كونسوڵخانەی گشتی ئەمەریكا لە هەولێر رایدەگەیەنێت كە نیگەرانن لە هەڵكشانەكانی كوشتنی ژنان و دەڵێن "دەبێت ئەوەی پێی دەوترێت كوشتن لەسەر شەرەف وەڵامدانەوەی یاسایی بەدوادا بێت و ئەنجامدەرانیان بەرپرسیار بكرێن".

كونسوڵخانەی گشتی ئەمەریكا لە هەولێر لە راگەیەنراوێكدا رایگەیاند "ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا هاوبەشی پەرۆشی سەركردەكانی هەرێمی كوردستان دەكات دەربارەی هەڵكشانەكانی بەمدوواییانەی توندوتیژی و كوشتن و پێشێلكردنی مافەكانی ژنان و پێكهاتە پەراوێزخراوەكانی تر لە هەرێمی كوردستان". 

هەروەها ئاماژەی بەوەكردووە "دەبێت ئەوەی پێی دەوترێت "كوشتن لەسەر شەرەف" وەكو كوشتنەكانی بەمدوواییانەی ئیمان "ماریا" سامی مەغدید و مریەم یەعقوب و ئایدی محەمەد، لێكۆڵینەوە دەربارەیان ئەنجام بدرێت و وەڵامدانەوەیەكی یاسایی بەدوادا بێت و ئەنجامدەرانیان بەرپرسیار بكرێن". 

راگەیەنراوەكە ئاماژەی بەوەكردووە "ئێمە هانی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەدەین بۆ بەردەوامبوون لەسەر هەنگاونانی مانادار بۆ بەدەستهێنانی دادپەروەری و كۆتاییهێنان بە توندوتیژی و پارێزراوی و پاراستنی مافەكانی هەموو هاوڵاتیان و هەروەها ئێمە ئامادەین بۆ هاوكاری".

سەرەتای هەفتەی رابردوو ئیمان سامی تەمەن 20 ساڵ ناسراو بە (ماریا سامی) لە نزیك كاتژمێر 11ی شەو بەدەستی براكەی لە شەقامی 100 مەتری هەولێر كوژرا، دواتریش براكەی لە شاری كەركوك دەستگیركرا، رووداوەكەش دەنگدانەوەی زۆری لێكەوتەوە.



PM:06:15:11/03/2022