وەزارەتی شارەوانی لەبارەی ڕاگرتنی كار لە شەقامی (١٠٠) مەتری سلێمانی ڕوونکردنەوە دەدات

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حكومەتی هەرێم ڕایدەگەیەنێت" كاری هیچ پرۆژەیەك لە سەرتاسەری كوردستان ڕانەگیراون". 

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حكومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕوونكردنەوەیەكدا ئاماژەی بەوەکردووە" كاری هیچ پرۆژەیەك لە سەرتاسەری كوردستان بەكاری پرۆژەی (١٠٠) مەتری سلێمانییەوە، نە لەلایەن وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارەوە، نە لەلایەن هیچ سەرۆكایەتییەكی شارەوانی ڕانەگیراون و ئێمە بە سەرسووڕمانەوە ئەو هەواڵەمان لە میدیاكانەوە بیستووە". 

دەقی ڕوونكردەنەوەكەی وەزارەتی شارەوانی:

سەبارەت بە بڵاوبوونەوەی هەواڵێك لەبارەی ڕاگرتنی پرۆژەی شەقامی 100 مەتریی سلێمانی لەلایەن وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارەوە، بۆ هەموو لایەكی ڕوون دەكەینەوە كە كاری هیچ پرۆژەیەك لە سەرتاسەری كوردستان بەكاری پرۆژەی 100 مەتریی سلێمانییەوە، نە لەلایەن وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارەوە، نە لەلایەن هیچ سەرۆكایەتییەكی شارەوانی ڕانەگیراون و ئێمە بە سەرسووڕمانەوە ئەو هەواڵەمان لە میدیاكانەوە بیستووە.

حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئەوپەڕی ئاسانكاری و پشتگیری لە كۆمپانیا خۆماڵییەكان كردووە و بەردەوامیش دەبێت لە پشتگیریكردنیان، هەروەها بودجەی پێویستی بۆ سەرجەم پڕۆژەكان تەرخان كردووە.

ناوهێنانی وەزارەت بە ناڕاستی و ڕاگرتنی كاری پرۆژە بەدەر لە گرێبەست، پێچەوانەی بڕگەكانی گرێبەستە و لەو بارەیەوە وەزارەت رێكاری پێویست دەگرێتە بەر.

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار


PM:06:40:12/03/2022