بانكی ناوە‌ندی هەرێم لەبارەی داهاتی سلێمانی و کێشەی مووچە ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە

بە‌ڕێوە‌بە‌رایە‌تی گشتی بانكی ناوە‌ندی ھە‌رێم لە سلێمانی ڕوونكردنەوەیەكی سەبارەت بە دەنگۆی دیارنەمانی داهاتی سلێمانی بڵاوکردەوە و دەڵێت" ھە‌موو مانگێك لە‌ داھاتی ناوخۆی سلێمانی، ئە‌و بڕە‌ پارە‌یە‌ دابین كراوە‌ كە‌ وە‌زارە‌تی دارایی و ئابوری دیاری كردووە‌ بۆ تە‌واو كردنی بودجە‌ی مووچە‌". 

روونكردنە‌وە‌یە‌ك لە‌ بە‌ڕێوە‌بە‌رایە‌تی گشتی بانكی ناوە‌ندی ھە‌رێم/ سلێمانی: 

بە‌پێویستمان زانی بۆ ھە‌موولایە‌كی روونبكە‌ینە‌وە‌ كە‌؛ ماوە‌یە‌كە‌ ھە‌ڵمە‌تێكی چە‌واشە‌كارانە ھە‌یە‌ لە‌دژی سلێمانی و بە‌تایبە‌ت پرسی داھاتی ناوخۆی سلێمانی كە‌روونە‌ ئە‌و ھە‌ڵمە‌تە‌ لە‌دە‌رھاویشتە‌ی سیاسییە‌وە‌ سە‌رچاوە‌ی گرتووە‌ و زانیاری نادروست بڵاودە‌كە‌نە‌وە‌ بە‌ مە‌بە‌ستی چە‌واشە‌كردنی خە‌ڵك. بۆ رە‌تكردنە‌وە‌ی ئە‌و قسە‌و قسە‌لۆكانە‌، ئێمە‌ بڕیارماندا بە‌ بە‌ڵگە‌ و ژمارە‌ وە‌ڵام بدە‌ینە‌وە‌ بۆ سە‌لماندی راستی قسە‌كانی ئێمە‌و درۆی ئە‌وان:

یە‌كە‌م: ھە‌موو مانگێك لە‌داھاتی ناوخۆی سلێمانی، ئە‌و بڕە‌ پارە‌یە‌ دابین كراوە‌ كە‌ وە‌زارە‌تی دارایی و ئابوری دیاری كردووە‌ بۆ تە‌واو كردنی بودجە‌ی مووچە‌. لە‌و خشە‌یە‌ی كە‌ بڵاوكراوە‌تە‌وە‌ بە‌ ژمارە‌ روونتر كراوەتە‌وە‌.‌

دووە‌م: تە‌نھا بۆ ١١ مانگی ساڵی ٢٠٢١ لە‌داھاتی ناوخۆی سلێمانی بڕی؛ یە‌ك تڕلیۆن و ١٠٧ ملیار دینار دابین كراوە‌ بۆ پێدانی مووچە‌.

سێیە‌م: بۆ مووچە‌ی مانگی ١٢ی ٢٠٢١ كە‌ لە‌مانگی ١ی ٢٠٢٢ دابە‌ش كراوە‌، لە‌داھاتی ناوخۆی سلێمانی بڕی ٧٥ ملیار ٦٨١ ملیۆن دینار دابین كراوە‌.

چوارە‌م: جگە‌ لە‌و پارانەی كە‌ ئاماژە‌ی پێدراوە‌‌، و ئە‌و بڕە‌ پارە‌یە‌ش كە‌ لە‌ داھاتی سلێمانییە‌وە‌ دە‌چێتە‌وە‌ ‌بۆ ھە‌ولێر، بە‌شە‌كە‌ی تری داھاتی كۆكراوە‌ی ناوخۆی سلێمانی، بۆ خە‌رجییە‌كانی دامودە‌زگا حكومییە‌كان تە‌رخاندە‌كرێتە‌وە‌ وخە‌رج دە‌كرێتە‌وە‌.

پێنجە‌م: ھە‌موو ئە‌و پارانە‌ی كە‌دێنە‌ بانكە‌كانی سلێمانی، بە‌ڕێكاری یاسایی و ئیداری خۆیان جوڵە‌یان پێدە‌كرێت، لە‌دە‌رە‌وە‌ی یاسا ھیچ شتێك نە‌كراوە‌ و ناكرێت.

شە‌شە‌م: ئە‌و بە‌ڕێزانە‌ی كە‌ قسە‌ی ناڕاست دە‌كە‌ن لە‌سە‌ر بانكە‌كانی سلێمانی، با بفە‌رموون یە‌ك بە‌ڵگە‌ بخە‌نە‌روو، ئێمە‌ دڵنییاین كە‌ ھیچیان پێ نییە‌ و ناتوانن قسە‌كانیان بسە‌لمێنن.

حە‌وتە‌م: رە‌تی دە‌كە‌ینە‌وە‌ كە‌ھیچ بڕە‌ پارە‌یە‌ك دیار نە‌مابێت یاخود پارە‌ی مووچە‌ درابێت بە‌ شتی تر.

لە‌گە‌ڵ رێزدا
بە‌ڕێوە‌بە‌رایە‌تی گشتی بانكی ناوە‌ندی ھە‌رێم/ سلێمانی


PM:04:37:13/03/2022