رێبوار ئەوڕەحمان بۆ لاهور شێخ جەنگی: بەشێكی لەم دەسەڵاتە دز و گەندەڵە


رێبوار ئەوڕەحمان، پەرلەمانتاری نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق وەڵامێكی توندی لاهور شێخ جەنگی، هاوسەرۆكی یەكێتی دایەوە و دەَڵێت "تۆش بەشێكی لەم دەسەڵاتە دز و گەندەڵە".

ئەمڕۆ لاهور شێخ جەنگی، هاوسەرۆكی یەكێتی سەردانی شاری قەڵادزێی كرد و لەناو جەماوەرەكەیدا رایگەیاند "پشیتوانی بەرەی ئۆپۆزسیۆن دەكەم بۆ ئەو مەبەستەش قسەم لەگەڵ سەڵاحەدین بەهادین، ئەمینداری یەكگرتووی ئیسلامی، عەلی باپیر، سەرۆكی كۆمەڵی دادگەریی، شاسوار عەبدولواحید، سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ كردووە".

لە بەرامبەردا رێبوار ئەوڕەحمان، پەرلەمانتاری نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاندووە "بە رای ئێمە لاهور جەنگی كێشەی دەركردنەكەی خۆی لە ناو یەكێتی چارەسەر بكات كە ئێستا زۆر لە هەوڵی ئەوەدایە بگەرێتەوە ناو یەكێتی، نەك خەمی ئۆپۆزسیۆنی هەبێت".

ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە "چونكە ئەو بەشێكە لەم دەسەڵاتە دز و گەندەڵەو، ئەو كەسەیە كە پێش هەڵبژاردنی عێراق هەوڵی دەدا هێزەكانی ئۆپۆزسیۆن بچنە هاوپەیمانی لەگەڵ یەكێتی و تەسلیمی دەسەڵات بن، نەك لە هەوڵی بەهێزكردنی ئۆپۆزسیۆندا بوبێت".

رێبوار ئەوڕەحمان وتویەتی "ئەو، ئەو كەسەیە كە خەریكی رۆژنامەنوس كرین و داخستنی میدیا ئازاكان و هەڵكوتانە سەر كەناڵ و سوتانی میدیای ئۆپۆزسیۆن و میدیای ئازادبوو، نەك ئێستا كە دەركراویت بێیت باسی بەهێزی ئۆپۆزسیۆن بكەیت، لە بیرمان نەچۆتەوە كە پەرلەمانتارەكانی تۆ بوون دەنگیان دا بەم كابینەیەی حكومەت، ئەو كاتەی كە تۆ لە دەسەڵات بویت".



PM:07:38:14/03/2022