ئاماری كوژران و برینداربوونی هاوڵاتیانی جەنگی روسیا- ئۆكرانیا بڵاوكرایەوە


نەتەوەیەكگرتووەكان رایدەگەیەنێت، تا ئێستا 726 كەسی مەدەنی لە شەڕی رووسیا- ئۆكرانیا كوژراون، ھەزار و 174 كەس برینداربوون و سێ ملیۆن و 63 ھەزار ئاوارە روویان كردووەتە وڵاتانی دراوسێ.

كۆمیسیۆنی باڵای كاروباری پەنابەران سەر بە نەتەوەیەكگرتووەكان رایگەیاندووە، لە 24ـی شوباتەوە بۆ 15ـی ئادار، سێ ملیۆن و 63 ھەزار و 95 پەنابەر لە ئۆكرانیاوە روویان كردووەتە وڵاتانی دراوسێی، نیوەی ئەو ژمارەیە پەنایان بۆ پۆڵەندا بردووە.

نەتەوەیەكگرتووەكان ئاماژەی بەوەكردووە، یەك ملیۆن و 875 ھەزار و 45 پەنابەر روویان كردووەتە پۆڵەندا، 467 ھەزار و 703 پەنابەر چوونەتە رۆمانیا، 344 ھەزار و 454 پەنابەر پەنایان بۆ مۆڵدۆڤا بردووە، 272 ھەزار و 943 پەنابەر بۆ ھەنگاریا، 220 ھەزار و 977 پەنابەر بۆ سلۆڤاكیا، 155 ھەزار و 841 پەنابەر چوونەتە رووسیا و ھەزار و 816 پەنابەر روویان كردوەتە بێلاڕووس.

وەك نەتەوەیەكگرتووەكان روونیكردۆتەوە، لانیكەم 726 مەدەنی لە ئۆكرانیاوە بەهۆی هێرشەكانی رووسیا كوژراون.



AM:09:44:18/03/2022