بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار
تا ئێستا هیچ كاندیدێكی یەكێتی نەكشاوەتەوە

پەرلەمانی عێراق سبەینێ چوارشەممە 23ی تەمموز، بە مەبەستی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار كۆدەبێتەوە، بەڵام تا ئێستا هیچ كام لە كاندیدەكانی یەكێتی ناوەكانی خۆیان نەكشاندوەتەوە‌و سێ كاندیدیان بۆ ئەو پۆستە هەیە.

سەرچاوەیەكی ئاگادار بە سپی میدیای رایگەیاند كە هەمووی چەند كاتژمێرێكی كەمی ماوە بۆ دیاریكردنی چارەنوسی كورد لە پۆستە سیادییەكانی عێراق، بەڵام تا ئێستا هەریەك لە د. بەرهەم ساڵح‌و د. فوئاد مەعسوم كە كاندیدی مەكتەبی سیاسی یەكێتین، كەسیان خۆی نەكشاندوەتەوە، هەرچی د. نەجمەدین كەریمیشە كە ئەویش ئەندامی مەكتەبی سیاسییە، سوورە لەسەر مانەوەی ناوی لە ریزی كاندیدەكانی پۆستی سەرۆك كۆماردا.

بەپێی هەندێك هەواڵ كە رۆژی رابردوو سپی میدیا لەمیانەی هەواڵەكانیدا ئاماژەی بۆكرد، بەرهەم ساڵح‌و فوئاد مەعسوم لەگفتوگۆدان بۆ ئەوەی یەكێكیان پاشەكشە بكات، بەڵام د. نجمەدین سوورە لەسەر مانەوەی ناوەكەی.

هەرچەندە حیزبە كوردستانیەكان‌و چەندین لایەنی دۆست داوا لەیەكێتی دەكەن كە تەنها یەك كاندیدیان بمێنێتەوە بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار، بەڵام تا ئێستا هەر سێ كاندیدەكە سوورن لەسەر مانەوەی ناوەكانیان.

كاربەوە گەیشت بەیانی ئەمرۆ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەكۆبوونەوەیەكدا لەگەڵ سەرۆكی فراكسیۆنەكان داوای لە پەرلەمان كرد كە ئەو پرسە بخەنە دەنگدانەوە، بۆ ئەوەی پەرلەمان ببێتە مەرجەع، بەڵام فراكسیۆنی یەكێتی ئامادە نەبوو مل بۆ ئەو داواكارییەی نێچیرڤان بدات.



PM:06:47:22/07/2014