كازمی: پێویستە حكومەتێك پێك بێت خزمەتی هاوڵاتیان بكات

مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق رایدەگەیەنێت "پێویستە لایەنە سیاسییەكان بەرپرسیارێتی لەئەستۆ بگرن و كار بۆ پێكهێنانی حكومەتێك بكەن بتوانێ خزمەتی هاوڵاتیان بكات".

بەپێی راگەیەنراوی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆك وەزیرانی عێراق، مستەفا كازمی، ئەمڕۆ لە كاتی كردنەوەی نەخۆشخانەی فێركاری بەتول لە رۆژئاوای شاری موسڵ كە 220 قەرەوێڵەییە رایگەیاند "دوای شەش مانگ لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن، پێویستە لایەنە سیاسییەكان بەرپرسیارێتی لەئەستۆ بگرن و كار بۆ پێكهێنانی حكومەتێك بكەن بتوانێ خزمەتی هاوڵاتیان بكات".
 
كازمی ئاماژەی بەوەكرد "دەڵێین بەسە نەرمی نواندن و سستی؛ ئەمڕۆ دەبێت پێكەوە كاربكەین بۆ گەڕاندنەوەی شكۆ بۆ هەموو عێراق؛ دەبێ لە هەموو ئەو وێستگانە بوەستین كە دووچاری ئەم بنبەستە سیاسییەیان كردووین؛ دەبێ لیژنەی داڕشتنەوەی دەستوور كارا بكەینەوە و زۆر لەو خاڵانە راستبكەینەوە كە ئاستەنگ بوون لەبەردەم بونیادنانی عێراق".
 
بڕیارە شەممەی داهاتوو 26.3.2022 پەرلەمانی عێراق كۆببێتەوە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆككۆماری نوێی عێراق. 



PM:09:11:20/03/2022