پلاسخارت: پێویستە مەسەلەی ئاو لە ئەولەویاتی سیاسەتی لایەنە سیاسییەکاندا بێت

نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان لە عیراق رایدەگەیەنێت" کەمبوونەوەی رێژەی باران و رووبەرە ئاوییەکان هەڕەشەی جدی لە عێراق دەکات". 

جینین بلاسخارت نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان لە عیراق بە بۆنەی رۆژی جیهانی ئاوەوە پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند" لەهەموو شوێنێکی ئەم هەسارەیە ئاو نهێنی ژیانە، بەردەستخستن و ئیدارەدانی بەشێوەیەکی گونجاو گرنگی تایبەتی خۆی هەیە، بەڵام من مانگی رابردوو سەردانی هۆڕەکانی باشوری عێراقم کرد، بە چاوی خۆم ئەو ئاڵنگاریانەم بینی کە بەهۆی ئەوەوە وڵاتەکە دەگرێتەوە". 

ئەوەشی خستەڕوو، کەمی باران بارین و ئاو و بەرزبوونەوەی رێژەی خوێ کاریگەریان کردووەتە سەر وڵات جگە لە گۆڕانکاری کەشوهەوا، کەمبوونەوەی چالاکانەی ئاو لە وڵاتانی دراوسێوە مەترسییەکی جدی دیکە دروست دەکات. 

ئاماژەی بەوەشداوە، کەمبونەوەی ئاو هەڕەشەیەکی هەنوکەی و یەکلایەنی نییە، بەڵکو فرە مەترسیە و کاریگەری لەسەر هەژاری و ئاوارەیی هەیە و مەترسی لەسەر سەقامگیری و خۆشگوزەرانی دروست دەکات.

جەختیشکردەوە، پێویستە مەسەلەی ئاو لە ئەولەویاتی سیاسەتی لایەنە پەیوەندیدار و سیاسییەکاندا بێت، چونکە ئەمە بەرپرسیارێتییەکی هاوبەشە، پێویستە پەلە بکرێت لە دۆزینەوەی رێگە چارەیەکی گونجاو. 


PM:02:30:22/03/2022