یەکەم رۆژی مانگی رەمەزان لە هەرێم دیاری دەکرێت

سەبارەت بە دیاریکردنی یەکەم ڕۆژی مانگی ڕەمەزان وتەبێژی وەزارەتی ئەوقافی هەرێم ڕایدەگەیەنێت" ڕۆژی هەینی داهاتوو لیژنەی باڵای بینینی مانگ کۆدەبێتەوە و بڕیار لە یەکەم رۆژی مانگی رەمەزانی ئەمساڵ دەدات". 

نەبەز ئیسماعیل وتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکدا لەبارەی دیاریکردنی یەکەم ڕۆژی مانگی ڕەمەزان بە ماڵپەڕی (سپی) ڕاگەیاند" ئێوارەی ڕۆژی هەینی کە دەکاتە ١ی نیسانی ٢٠٢٢ لیژنەی باڵای بینینی مانگ بە هەماهەنگی لەگەڵ لیژنە لاوەکییەکانی پارێزگاکانی هەرێم (سلێمانی، هەولێر، دهۆک، هەڵەبجە، ئیدارەی گەرمیان) لەگەڵ وەقفی سوونی عێراقی و وڵاتی عەرەبستانی سعودی بۆ دیاریکردنی یەکەم رۆژی مانگی رەمەزان کۆدەبنەوە و چاودێری بینینی مانگ دەکەن". 

وتەبێژی وەزارەتی ئەوقافی هەرێم ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر مانگ لە ئاسمانی هەرێم بینرا، ڕۆژی شەممە ٢ی نیسان دەبێتە یەکەم ڕۆژی ڕەمەزان، بەڵام ئەگەر مانگی شەعبان (٣٠) رۆژ بێت و مانگ نەبینرا ئەوا ڕۆژی یەکشەممە ٣ی نیسان وەک یەکەم ڕۆژی مانگی ڕەمەزان دیاری دەکرێت. 

بەهۆی جیاوازی لە نێوان ڕۆژژمێری زاینی و کۆچی، ساڵانە بەپێی ڕۆژژمێری زاینی مانگی ڕەمەزان ١٠ ڕۆژ پێش وادەی دیاریکراوی ساڵی پێشوو دێت، بەڵام بۆ دڵنیابوون بۆ بەڕۆژووبوون لە مانگی رەمەزان و جەژنی ڕەمەزان، بینینی مانگ کراوەتە پێوەر. 


PM:05:06:24/03/2022