یەکێتی نیشتمانی کوردستان بایکۆتی کۆبوونەوەی سبەی راگەیاند


سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان رایگەیاند" لە دانیشتنی سبەی شەممەی ئەنجومەنی نوێنەران بەشدار نابین".

هەرێم کەمال ئاغا سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند "سەبارەت بەپرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار كە بڕیارە سبەی لە دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەران بەڕێوەبچێت، ئەگەر بڕیارە، بیر لەپێكهێنانی حكومەتێكی نیشتمانی بەهێز بكرێتەوە، لۆژیك لەكوێیە؟".

راشیگەیاند" ئەوەی دوێنی لەسەنگەری بەرگری لەسیستمی عیراقی نوێ و  تێكشكاندنی پاشماوەی بەعسیەكان و تیرۆرستانی قاعیدەو داعش، بووە پێی بڵێت برۆ ببە بەئۆپۆزسیۆن".

سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لەئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق دەشڵێت" لەبەر نەبوونی هێزێكی تۆكمەی نیشتمانیی سەربازی لەسەرانسەری وڵات و بوونی  گروپی جیا جیا، هێشتا پێكهاتەكانی عیراق پێویستیان بەتەوافوق و سازان هەیە بۆ جێگیركردنی زیاتری دامەزراوە دەوڵەتیەكان، بۆیە دامەزراندنی حكومەتێكی بەهێز، كە دەنگی هەمووانی تێدا بێت و  وەڵامدەرەوەی هەموو ئاڵنگارییەكانی سەر پرۆسەی سیاسی عیراق بێت، هێشتا پێویستیمان بەپرەنسیپی سازانە."

ئەوەشی خستوەتەڕوو: ئەو بیركردنەوەیە تەنیا بۆ ناو ماڵی شیعەش لۆژیكی نیە، ئەی ئەمە چ جۆرە بیركردنەوەو چ لۆژیكێكە، هێشتا حكومەتی هەرێم  كۆمەڵێك كێشەی چارەسەرنەكراوی دەستوری و قانونی هەیە لەگەڵ حكومەتی ئیتحادی، كە گرینگترینیان ماددەی 140ی دەستورو دۆسیەی نەوت و پرسی هێزی پێشمەرگە، باسی حكومەتێكی زۆرینە بكات كە بەدەنگی كورد هیچ پرۆژە یاسایەك، جگە لەناو هۆڵی پەرلەمان، بەڵكو لەئەنجومەنی داهاتووی وەزیرانیش تێپەڕنابێت، كەواتە هەموو هەوڵ و تێكۆشانی خەڵكی كوردستان بكەینە قوربانی دەستكەوتی چەند كەسێك كە هیچ بەهایەك بۆ  قوربانیەكانی گەلەكەمان دانانێت و بەدوای دروشمێك كەوتوون، كە هیچ باوەڕیان بەمافی كوردو پێكهاتەكانی دیكەی عیراقیش نیە.

راشیگەیاند: بۆیە ئەوەی سبەی دەگوزەرێت لە پێناوی حكومەتێكی بەهێزی نیشتمانیی و داهاتوویەكی باشترنیە بۆ گەلانی عیراق، بەڵكو هەندێ لایەن، بەپێ بەرژەوەندی تایبەت و تێڕوانینی‌ ناڕاست، لە ئاوی لێڵ مەلە دەكەن.

هەرێم كەمال ئاغا دەشڵێت: ئێمە لە فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، كە وەك بەرپرسیارو پارێزەری مافە نەتەوەیی و نیشتمانییەكانی خەڵكی كوردستان و پارێزەری یەكڕیزی پێكهاتەكان و خاكی عیراق، لەگەڵ ئەوانەی لەگەڵمان هاوڕان لەدانیشتنی سبەی ئەنجومەنی نوێنەران بەشدار نابین.



AM:12:13:26/03/2022