هاوپەیمانی شیعە: بۆ پۆستی سه‌رۆك كۆمار ده‌نگ به‌ نه‌جمه‌دین كه‌ریم ناده‌ین

هادی عامری سه‌ركرده‌ی دیاری هاوپه‌یمانی نیشتمانیی شیعه‌كان، هه‌ڵوێستی هاوپه‌یمانێتییه‌كه‌یانی له‌باره‌ی كاندیدانی كورد بۆ پۆستی سه‌رۆك كۆماری عیراق راگه‌یاند و ئاماژه‌ی به‌وه‌دا ده‌نگ به‌ د. نه‌جمه‌دین كه‌ریم بۆ پۆستی سه‌رۆك كۆماری عیراق ناده‌ن.

عامری به‌ تۆڕی میدیای رووداوی راگه‌یاند: "هیواداربووین برایانمان له‌ هاوپه‌یمانیی كوردستانی به‌ یه‌ك كاندید به‌شدارییان بكردایه‌ بۆئه‌وه‌ی پرۆسه‌كه‌ خێراتر به‌ڕێوه‌بچوایه‌، به‌ڵام ئێستاش رێز له‌ بژارده‌كه‌یان ده‌گرین ‌و  ده‌نگمان بۆ یه‌كێك له‌ كاندیده‌كانه‌".

سه‌باره‌ت به‌ ئه‌دای كاندیدانی كورد، وتی: "ئێمه‌ به‌رهه‌م ساڵح و فوئاد مه‌عسوم هه‌ردووكیان به‌ كه‌سی لێهاتوو ده‌بینین".

ئه‌و سه‌ركرده‌یه‌ی هاوپه‌یمانیی نیشتمانیی شیعه‌كان ره‌تیكرده‌وه‌ جگه‌ له‌ دوو كاندیده‌ فه‌رمییه‌كه‌ی مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتی ده‌نگ به‌ هیچ كاندیدێكی دیكه‌ بده‌ن و وتیشی: "نه‌جمه‌دین كه‌ریم پیاوێكی به‌ڕێزه‌ لامان، به‌ڵام ئێمه‌ پابه‌ندین به‌ بڕیاری یه‌كێتی و ده‌نگ به‌ نه‌جمه‌دین كه‌ریم ناده‌ین".

نه‌جمه‌دین كه‌ریم، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارێزگاری كه‌ركووك، به‌ده‌ر له‌ بڕیاری یه‌كێتی، خۆی بۆ پۆستی سه‌رۆك كۆماری عیراق كاندیدكردووه‌، پێشتریش راگه‌یاندبوو ئاماده‌ نییه‌ بكشێته‌وه‌.

سه‌باره‌ت به‌ كاندیدی شیعه‌كان بۆ پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران، هادی عامری وتی: "هه‌ركاتێك پۆستی سه‌رۆك كۆمار یه‌كلایی بووه‌وه‌ ئێمه‌ش قسه‌مان له‌سه‌ر ئه‌و پۆسته‌ ده‌بێت".

هادی عامری خۆشحاڵی خۆیانی به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی مام جه‌لال سه‌رۆك كۆماری عیراق بۆ كوردستان ده‌ڕبڕی، سه‌باره‌ت به‌ نیازی سه‌ردانیكردنی لایه‌نه‌ عیراقییه‌كان بۆلای، وتی: "سه‌ردانی مام جه‌لال به‌ واجب ده‌زانین و هه‌ركاتێك پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك كۆمارو پۆسته‌كانی دیكه‌ ته‌واوبوون سه‌ردانی ده‌كه‌ین".



PM:01:54:23/07/2014