نەوەی نوێ ٦ پەرلەمانتاری بەشداری کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراقیان کرد

دوای ئەوەی دوێنێ نەوەی نوێ ١٧ خاڵی خستە بەردەم موقتەدا سەدر سەرۆکی هاوپەیمانی رزگاری نیشتمان وەک مەرجی بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەماندا، ئەمڕۆ چەند ساتێک پێش کۆبوونەوەی پەرلەمان هەردوو سەرۆکی فراکسیۆنی سەدر و سیادە واژوویان لەسەر مەرجەکانی نەوەی نوێ و ئیمتیداد کرد، بەلآم لە کۆی ئەو ٩ ئەندامەی نەوەی نوێ ٦ یان بەشداری کۆبوونەوەکەیان کردو ٣ یان نەیان کرد.

بەپێی راگەیاندنی پەرلەمانتارانی کورد لە لیستەکانی تر، ٦ ئەندام پەرلەمانی نەوەی نوێ بەشداری کۆبوونەوەی ئەمڕۆی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری عێڕاقیان کرد، هەروەها ٣ پەرلەمانتاریشیان بایکۆتیان کرد، ئەوە لە کاتێکدایە کە ئەو ١٧ مەرجەی نەوەی نوێ خستبوویە بەردەم موقتەدا سەدر وەک مەرجی بەشداریکردن لە کۆبوونەوەکەدا لەلایەن حەسەن ئەلعەزاری سەرۆکی فراکسیۆنی سەدر و شەعلان کەریم سەرۆکی فراکسیۆنی سیادەوە رەزامەندیان لەسەر دراوەو بەپێی ئەو دۆکۆمێنتەی دەست " سپی " کەوتووە واژی ئەوان و هەردوو سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ و ئیمتیدادی لەسەرە. 

ئەوەی جێگای سەرنجیشە واژووی سەرۆکی فراسیۆنی پارتی، ڤیان سەبری لەسەر نییە کە ئەوانیش بەشێکن لە هاوپەیمانی سەدر و پارتی و سیادە.

تا ئێستا پارتی روونینەکردۆتەوە بۆ واژووی لەسەر ئەو ١٧ خاڵە نەکردووە، بەلآم پەرلەمانتارانی نەوەی نوێ ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە ئەوان رێککەوتنیان لەگەڵ سەدر و سونەدا کردووە، نەک پارتی.

تا ئێستا هۆکاری بەشداری نەکردنی ئەو ٣ پەرلەمانتارەی نەوەی نوێ لە تەک ٦ پەرلەمانتارەکەی دیدا لە کۆبوونەوەی ئەمرۆدا روونەنەبۆتەوە.

کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق کە هاوپەیمانی رزگاری نیشتمان هەوڵێ دەدا ٢٠٠ ئەندام پەرلەمان ئامادەی بن، شکستی خوارد و دانیئشتنێکی تری خرایە رۆژی ٤ شەممە.

 


  

PM:03:53:26/03/2022