(سپی) پرۆژەی هەموارکردنی یاسای هەڵبژاردنی ٣٥ پەرلەمانتار بڵاودەکاتەوە


پڕۆژە یاسایەكی نوێ تایبەت بە هەمواری یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان پێشكەشی سەرۆكایەتی پەرلەمان كراوە لە گرنگترینیان دابەشكردنی هەرێمی كوردستانە بۆ چوار بازنە لە بری یەك بازنەو ٣٥ پەرلەمانتار واژوویان لەسەر کردووە. 

بەپێی زانیارییەكانی (ٍسپی) هەریەك لە یەكێتی نیشتمانی كوردستان، یەكگرتووی ئیسلامی، كۆمەڵی دادگەریی، جوڵانەوەی نەوەی نوێ و چەند پەرلەمانتارێكی بزووتنەوەی گۆڕان ئەو پڕۆژەیەیان بۆ هەمواری یاسای هەڵبژاردن پێشكەشی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان كردووەو ٣٥ پەرلەمانتار واژویان لەسەر کردووە.

هەر بەپێی زانیارییەكان، نەوەی نوێ داوای كردوە ئەندامانی كۆمسیۆن لەبری ئەوەی كەسانی حیزبی بن، بكرێنە دادوەرەكان، بەڵام لایەنەكانی دیكە رازی نین، بۆیە ئەویش لە بەرامبەردا داوای بەشی خۆی لە كۆمسیۆن دەكات.

بەپێی ئەو پڕۆژەیە هەموارەكە بەم جۆرە دەبێت (ماددەی یەكەم: دەستەواژەی (كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی) جێگەی دەستەواژەی (كۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردن) دەگرێتەوە لە هەر بڕگە و ماددەیەكی یاساكەدا هاتبێت.

هەروەها لە ماددەی دووەم دەڵێت (ماددەی نۆیەم هەموار دەكرێت و بەم شێوەیەی خوارەوە دەخوێنرێتەوە. یەكەم: هەرێمی كوردستان- عێراق بەسەر چوار بازنەی هەڵبژاردن دابەش دەكرێت لەسەر بنەمای هەر پارێزگایەك  بازنەیەكی هەڵبژاردن دەبێت بەم جۆرە: هەولێر، سلێمانی، دهۆك، هەڵەبجە

دووەم: دابەشكردنی كورسییە گشتییەكانی پەرلەمان بەسەر بازنەكانی هەڵبژاردندا بەگوێرەی ژمارەی دانیشتوانی هەر پارێزگایەك دەبێت (بەپێی دوا دابەشكاری هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ساڵی 2021).

هەروەها لە ماددەی بیستەم دەڵێت (ماددەی 36 دووبارە هەموار دەكرێت و بەم شێوەیە دەخوێنرێنەوە:11 كورسی بۆ پێكهاتەكان تەرخان دەكرێت و دابەش دەكرێت بەسەر بازنەكاندا بەم جۆرە: پێكهاتەی توركمان 5 (3 كورسی بازنەی هەولێر، 2 كورسی بازنەی سلێمانی). پێكهاتەی مەسیحی  5 كورسی (1 بازنەی هەولێر، 2 بازنەی دهۆك، 2 بازنەی سلێمانی). پێكهاتەی ئەرمەن 1 كورسی (بازنەی دهۆك).

لە كۆتاییدا لە ماددەی 21 دەڵێت (بڕگەیەك بۆ ماددەی 57 زیاد دەكرێت بەم جۆرە دەخوێنرێتەوە: دەبێتە خاڵی 13 (سكاڵاكانی پڕۆسەی دەنگدان بۆ سێ جۆر پۆلێن دەكرێن (سكاڵای سەوز، سكاڵای زەرد، سكاڵای سور). یەكەم: سكاڵای زەرد، ئەو سكاڵایەیە كە كاریگەری لەسەر پڕۆسەكە نابێت دوای لێكۆڵینەوە دەكرێت رەتبكرێتەوە).

پرۆژەکەو ٣٥ واژووی پەرلەمانتارەکان..




PM:06:56:28/03/2022