عامری هۆشداری بە بەریتانیا دەدات


هادی عامری، سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح رایدەگەیەنێت "زانیاری تەواویان لەلایەن هەواڵگرییە بیانییەكانەوە لەبەردەستدایە كە دەیسەلمێنن بەریتانیا دەستێوەردانی راستەوخۆی لە سیاسەتی ناوخۆ عێراق كردوە".

بەپێی راگەیەنراوی نوسینگەی هادی عامری، سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح، لەمیانەی كۆبونەوەی عامری لەگەڵ مارك ریچاردسن، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق پێی راگەیاندووە "زانیاری تەواومان لەلایەن هەواڵگرییە بیانییەكانەوە لەبەردەستدایە كە دەیسەلمێنن بەریتانیا دەستێوەردانی راستەوخۆی لە سیاسەتی ناوخۆ عێراق كردوە، دەستێوەردانیش لە ئاسایشی عێراق تێكدانی ئاسایشی ناوچەكەیە".

هەروەها عامری ئاماژەی بەوەكردوە "هەوڵی جدیی دەدەن تا بتوانن پردی پەیوەندی لەنێوان شیعە و سونەكاندا بكەنەوە، چونكە بە دڵنیاییەوە ئەوە دەبێت رێگەیەك بۆ ئەوەی ناوماڵی كوردەكانیش رێكخراو بكاتەوە و بەهیچ شێوەیەك لەگەڵ پەرتبونی ناو ماڵی كوردانین، بەڵام لەسەر پێكهێنانی حكومەت و وەرگرتنی پۆستی سەرۆك وەزیران وەك گەورەترین كوتلەی پەرلەمانی پاشگەز نابنەوە".

لە بەرامبەردا، مارك ریچاردسن، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێرق رایگەیاندوە "وڵاتەكەمان دەیەوێت پەرە بە هاوپەیمانێتی نێوان عێراق و وڵاتەكەی بدات و هەموو كارێك دەكەن لە پێناو پێشكەشكردنی هاوكاری بە عێراق و پێكهێنانی حكومەتێكی بێلایەن گرنگترین هەنگاوە كە عێراقییەكان هەوڵی بۆ بدەن".



AM:12:17:03/04/2022