وەزارەتی شارەوانی: لە 17ی ئەم مانگە بڕیاری لێخۆشبوونی بەشێكی قەرزی ئاو كۆتایی دێت


وەزارەتی شارەوانی و گەشت و گوزار رایدەگەیەنێت، لە 17ی ئەم مانگە بڕیاری لێخۆشبوونی بەشێكی قەرزی ئاو كۆتایی دێت، بەڵام هێشتا كات ماوە و هاوبەشانی ئاو دەتوانن لە نزیكترین كاتدا سوودمەند بن لە بڕیارەكە.

وەزارەتی شارەوانی و گەشت و گوزاری حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاندووە "تاكو ئێستا بڕیاری لێخۆشبوونی ڕێژەی 15%ی قەرزی كرێی ئاو كاری پێدەكرێت و بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاریش ڕایگەیاندوە بڕیارەكە تاكو 17/4/2022 بەردەوام دەبێت و دواتر درێژ ناكرێتەوە، پێویستە هاوڵاتییان لە ماوەی دیاریكراودا سەردانی فەرمانگەكانی ئاو بكەن".

پێشتر لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیراندا كە بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەڕێوەچوو، لەسەر پێشنیازی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، ئەنجومەنی وەزیران بە ڕەچاوكردنی دۆخی دارایی هاوڵاتییان، بڕیاریدا بە لێخۆشبوونی ڕێژەی 15%ی قەرزی كرێی ئاو.



AM:10:41:03/04/2022