ژمارەیەک پارت و حزبی سیاسى هەرێم داوای ئازادکردنى ئۆجەلان دەکەن

ژمارەیەک لە پارت و حزبی سیاسی باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشدا داوای ئازادکردنی عەبدوڵا ئۆجەلان دەکەن و دەڵێن" ئازادکردنی ئۆجەلان ڕێگە لە بەردەم چارەسەرکردنی دۆزی کورد و سەقامگیرکردنی ئاشتی و ئارامی ناوچەکە دەکاتەوە". 

لە بڵاوکراوەیەکدا (١٠) حزب و لایەنی سیاسی باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەیاننامەیەکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە و دەڵێن" لە ماوەی (٢٣) ساڵی ڕابردوودا ئۆجەلان لە دژوارترین دۆخی زیندانییدا ژیانی بەسەربردووە، بە گەلێک شێواز و ڕێگەوە ئەشکەنجە دراوە و گۆشەگیرییەکی تووندی بێوێنەی بەسەردا سەپێنراوە، راپۆرتەکانی کۆمیتەی پێشگرتن لە ئەشکەنجەی کۆنسەی ئەوروپاش ئەو ڕاستییانەی دووپاتکردووەتەوە و دەستنیشانیکردووە، کە دۆخێکی نائاسایی لە زیندانی ئیمراڵیدا هەیە، هەروەها کۆنسەی ئەوروپاش داوای روونکردنەوە و زانیاریی لەسەر دۆخی ئۆجەلان کردووە". 

ئەو حزب و لایەنە سیاسییانە جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە، کە تێکۆشانی ڕێبەر ئۆجەلان و بزووتنەوەی ئازادیخوازی پەکەکە لە بنچینەدا تێکۆشانێکی بەرگریی ڕەوا بووە و لەپێناو چارەسەرکردنی پرسی کورد بووە. 

دەشڵێن" ئۆجەلان لە ماوەی سی ساڵی رابردوودا چەندین جار پرۆژەی ئاشتی و چارەسەریی دیموکراتییانەی پێشکەش کردووە و چەندین دەستپێشخەریی بۆ ئاگربەست و کۆتاییهێنان بە تووندوتیژیی کردووە، بەڵام دەوڵەتی تورکیا لەبری وەڵامدانەوەی ئەرێنیی ئەو پرۆژە و دەستپێشخەرییە ئاشتیخوازانەیە، لەلایەکەوە گۆشەگیرییەکی توندی لە ئیمراڵی سەپاندووە و هەموو مافێکی بەڕێز ئۆجەلانی پێشێل کردووە، لەلایەکی تریشەوە شەڕێکی سەرتاپاگیریی دژ بە گەلی کوردستان و بزووتنەوە ئازادیخوازەکەی بەرپاکردووە و دەیەوێت لەمیانەی سیاسەتەکانی نکۆڵیکردن، قڕکردن، تواندنەوە(ئاسمیلاسیۆن)، کۆچبەرکردن و پارچەکردنی گەلی کورد”دا کۆتایی بە گەلی کورد و دۆزە رەواکەی بهێنێت". 

هەر لە بەیاننامە هاوبەشەکەدا ئەو لایەنە سیاسییانە جەخت دەکەنەوە، کە ئەمڕۆ ئەو راستییە تەواو ئاشکرابووە، کە ئازادکردنی جەستەیی بەڕێز عەبدوڵا ئۆجەلان و چارەسەرکردنی دۆزی کورد و بەدیهێنانی ئاشتی و ئارامیی لە تورکیا و ناوچەکە، ئاوێتەی یەکتر بووە و  بووەتە مەرجێکی سەرەکیی بەیەکەوەژیانی ئاشتییانەی گەلان، بۆ ئەمەش پێویست دەکات هەموو لایەک هەوڵ و پشتیوانی خۆی بۆ ئازادکردنی دەستبەجێی بەڕێز ئۆجەلان بدات، لەم ڕووەوە خەڵکی باشووری کوردستان و پارت و لایەنە سیاسییەکان دەتوانن رۆڵێکی گرنگ ببینن لە ئازادکردنی بەڕێز عەبدوڵا ئۆجەلان و چارەسەرکردنی پرسی کورد.

لە بەشێکی تری ڕاگەیەندراوەکەدا ئەو پارت و لایەنە سیاسییانەی باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان پشتیوانی خۆیان بۆ ئازادکردنی عەبدوڵا ئۆجەلان دەردەبڕن، کە رێگە لە بەردەم چارەسەرکردنی دۆزی کورد و سەقامگیرکردنی ئاشتی و ئارامی ناوچەکە دەکاتەوە. 

ناوی پارت و لایەنە سیاسییەکان: 

١- حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان – لقی سلێمانی

٢- حزبی شیوعی کوردستان

٣- بزووتنەوەی گۆڕان

٤- حزبی سۆسیال دیموکراتی کوردستان

٥- کۆمەڵە، رێکخراوی کوردستانی حزبی کۆمۆنیستی ئێران

٦- تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان

٧- پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (PJAK)

٨- پارتی ئازادیی و دیموکراسیی ئێزدییان  (PADÊ)

٩- پارتی سەوزی کوردستان

١٠-پارتی پارێزگارانی کوردستان


PM:04:31:03/04/2022